سەرۆکی پێشووی پۆلیڤیا بووە پەنابەری ئەرژەنتین

‌ئیڤۆ مۆرالیس، سەرۆکی پێشووی پۆلیڤیا


وێستگە نیوز- 
وەزیری دەرەوەی ئەرژەنتین رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئیڤۆ مۆرالیس، سەرۆکی پێشووی پۆلیڤیا گەیشتووەتە ئەرژەنتین و وەک پەنابەر دەمێنێتەوە. 

فلیپی سۆلا، وەزیری دەرەوەی ئەرژەنتین ئەمڕۆ پێنجشەممە 12 ی کانونی یەکەمی 2019، رایگەیاند، ئیڤۆ مۆرالیس، سەرۆکی پێشووی پۆلیڤیا و ئەلڤارۆ گارسیای جێگری گەیشتوونەتە ئەرژەنتین و وەک پەنابەر دەمێننەوە. 

وەزیری دەرەوەی ئەرژەنتین وتیشی، " وڵاتەکەی مافی مانەوەی وەک پەنابەر بە مۆرالیس و جێگرەکەی بەخشیوە و بەم زووانەش هەموو رێکارە یاساییەکانی مانەوەیان لە ئەرژەنتین تەواو دەبێت". 

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەرژەنتین ئاماژەی بەوەش کرد، "وەک مەرجێک داوا لە مۆرالیس کراوە لێدوانی سیاسی لەسەر پۆلیڤیا نەدات تا ئەوکاتەی لە ئەرژەنتین دەمێنێتەوە"

لە هەفتەی رابردوودا سەرۆکی پێشووی پۆلیڤیا وڵاتی مەکسیکی بەرەو کوبا جێهێشت بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشیکی و ئەمڕۆ پێنجشەممەش گەیشتە وڵاتی ئەرژەنتین. 

لە 20 ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ئیڤۆ مۆرالیس، سەرۆکی پێشووی پۆلیڤیا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا بەڵام ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی دانی بە سەرکەوتنیدا نەنا و بە "ساختەکەرییەکی زۆر" تۆمەتباری کرد. 

دوای ئەوەش لە پۆلیڤیادا خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەریهەڵدا و داوای دەست لەکارکێشانەوەی مۆرالیس لە سەرۆکایەتی وڵات کرا، لەژێر فشاری ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشاندەراندا مۆرالیس دەستی لەکارکێشایەوەو دەسەڵاتەکانی بۆ سەرۆکی پەرلەمان گوازرایەوە. 


ش . ر 



PM:09:59:12/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 2952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت