قوباد تاڵەبانی: پرۆژەیاسای چاکسازی بە تەنها موڵکی لایەنێک نیە و بابەتێک نیە بۆ موزایەدەکردن

‌قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان


وێستگە نیوز- 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لە بارەی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای چاکسازییەوە بڵاوکردەوەو رایگەیاند، پرۆژەیاسای چاکسازی بە تەنها موڵکی لایەنێک نیە و ناكرێت بكرێتە دەسكەوت بۆ هیچ كەس و لایەنێكی دیاریكراو بەتەنها و بابەتێك نییە بۆ موزایەدەكردن.

لە پەیامەکەیدا لەسەر هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە، ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ پڕۆژە یاسای چاكسازی لەموچە و خانەنشینی و دەرماڵەی پەسەند كرد. بنەڕەتی ئەم پرۆژەیە هی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو لەم كابینەیەشدا وەک چۆن لە کارنامەكەیدا بەڵێن درابوو، بەگیانێكی بەرپرسانەو پڕ لەتەبایی و لە سایەی كاری پێكەوەیی ناو ئەنجومەنی وەزیران دەوڵەمەند كرا و دەنگی لەسەر درا.

جێگری سەرۆکی حکومەت وتیشی، " سەرۆکی حکومەت و بەندە و هەموو وەزیرە بەڕێزەکانی سەر بە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی بەشداری حکومەت و سکرتێر و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی تێروتەسەمان کرد تا پرۆژەکەمان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تێپەڕاند. بۆیە ناكرێت بكرێتە دەسكەوت بۆ هیچ كەس و لایەنێكی دیاریكراو بەتەنها و بابەتێك نییە بۆ موزایەدەكردن".

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "بەهیواین هەمان گیانی تەبایی ناو ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پرۆژەكەوە لە پەرلەمانیشدا رەنگبداتەوە بۆ ئەوەی لەنزیكترین دەرفەتی گونجاودا لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی دەربچوێنرێت".


ش . ر 


PM:05:48:12/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 1628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو