ئه‌مرۆ هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌ به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت

‌ململانێی هەڵبژاردنەکە لەنێوان پارتی پارێزگاران و پارتی کرێکاراندايه

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەمڕۆ هەڵبژاردنی گشتی بۆ سێیەمجار لەماوەی کەمتر لە پێنج ساڵدا لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.


بەگوێرەی میدیاکانی ئه‌و وڵاته‌، ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی كانوونی‌ یەکەمی 2019، وابڕیارە کاتژمێر 7ی بەیانی بەکاتی لەندەن، پایتەختی بەریتانیا (کاتژمێر 10ی بەیانی بەکاتی کوردستان) پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی گشتی لەو وڵاتەدا دەستپێبکات و لە کاتژمێر 10ی شەو (یه‌كی شەو بەکاتی کوردستان) کۆتایی پێبێت و تا ئەوکاتەش، خەڵکی بەریتانیا 650 نوێنەر بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن.

ئەوەش هاتووە، لەوەتەی ساڵی 1974وە، ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنی بەریتانیایە لە زستاندا و نزیکی سەد ساڵیشە ئەمە یەکەمجارە لە مانگی 12دا هەڵبژاردن بکرێت.

ململانێی هەڵبژاردنەکە لەنێوان پارتی پارێزگاران، بە نوێنەرایەتی بۆریس جۆنسن و پارتی کرێکاران بە نوێنەرایەتی جێرمی کۆربین-ە. لەماوەی رابردوودا، بۆریس جۆنسن بەڵێنی کۆتاییهێنانی بەو ئاڵۆزییەی لەو وڵاتەدا سەریهەڵداوە دا و جێرمی کۆربینیش بەڵێنی چارەسەرکردنی بابەتی برێگزت-ی دا، بەوەی کە لە حاڵی‌ بردنەوەی پارتی کرێکاران لە هەڵبژاردنەکاندا، دەرفەتێکی دیکە بۆ خەڵکی بەریتانیا دەرەخسێنێت تا بۆ دوایەمین جار دەنگی لەسەر بدەن.

دیبەیتەکانی هەڵبژاردنی گشتی بەریتانیا لە نێوان پارتی پارێزگاران و پارتی کرێکاراندا لەسەر بابەتەکانی خزمەتگوزاریی تەندروستی، متمانە، پێشەوایەتی، داهاتووی سکۆتلەندا و بنەماڵەی شاهانەیی بوو کە تیایدا، پارتی کرێکاران، پارتی پارێزگاران بە رادەستکردنی سیستمی تەندروستی بەریتانیا بە کۆمپانیاکانی ئەمریکا، تۆمەتبار دەکات و بەڵێنی داوە پاش هێنانی دەنگی پێویست، لەو بابەتانەدا چاکسازیی بکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، وا پێشبینی دەکرا لە 31ی ئۆکتۆبەری رابردوودا، بەریتانیا پرۆژەی برێگزت ئەنجامبدات و لە یەکێتی ئەوروپا بێتەدەرەوە، بەڵام پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، لەسەر ئەم بابەتە لە پەرلەماندا ڕێکنەکەوتن و بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەیان دا.

هــ. ر


AM:09:20:12/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 1920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو