ناتانیاهۆ: هێرشەکانی بەغدا بە فەرمانی سوپای پاسداران ئەنجامدراوە

‌بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل


وێستگە نیوز- 
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سوپای پاسدارانی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشت هێرشەکانی شەوی شەممەی بەغداوەیە کە تێیدا 20 کەس کوژراون و نزیکەی 50 کەسیش برینداربوون. 

بنیامئن ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، لە بەغداد هێرشێکی خوێناوی روویدا کە تێیدا 20 خۆپیشاندەری بێتاوانی عیراقی کوژران. 

وتیشی، " ئەمەوێ بڵێم کە بەڵگەی جۆراوجۆر هەیە کە ئاماژە بەوە دەکەن ئەو هێرشە خوێناویە لەلایەن میلیشیا عیراقیەکانەوە بە فەرمانی راستەوخۆی سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامدراوە". 

بنیامین ناتانیاهۆ هەروەها ئەوەشی وت، " لەم کاتەدا پێویستە گەمارۆکانی سەر ئێران قورستر بکرێن". 

ئەم لێدوانەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، شەوی شەممە گرووپێكی چەكدار بە بەرچاو هێزە ئەمنیە عیراقییەكانەوە لە شاری بەغدا هێرشیان كردە سەر خۆپیشاندەران و زیاتر لە 20 خۆپیشاندەر كوژران.

 ئەو هێزە كە بە پۆشاكی نافەرمییەوە چوونە سەر خۆپیشاندانەكان لە گۆڕەپانەكانی سنك و خەڵانی دەستڕێژی گولەیان ئاراستەی كۆمەڵی خۆپیشاندانەكان كردن و هەردوو ناوچەكەیان پێ چۆڵ كردن.

بە پێی زانیاری میدیا عیراقییەكان ژمارەی كوژراوانی شەوی شەممە زیاترە لە 20 كەس، هەروەها بە دەیانی تر بریندارن و تەنها لە پردی سنك 40 خۆپیشاندەر بە گوللـەی زیندوو بریندار بوون.


ش . ر



PM:04:37:08/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 2824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت