ئێران.. تەنها لە شاری شەهریار زیاد لە 100 خۆپیشاندەر كوژراون


وێستگە نیوز-
بە پێی سەرچاوەیەكی هەواڵ لە شاری شەهریاری ئێران زیاد لە 100 خۆپیشاندەر كوژراون، لە ئەنجامی ئەو ناڕەزایەتیانەی كۆتایی مانگی رابردوو زۆرینەی شارەكانی ئێرانی گرتەوە.


لە هەواڵێكدا ئاژانسی ئینتەر ناشناڵی ئێرانی كە لە پێگەی "كەلیمەی" نزیك لە بزوتنەوەی سەوزی ئێرانی نزیك لە حسەین موسەوی ئۆپۆزسیۆنی پێشووی ئەو وڵاتە، دەڵێت لە شەهریار كە دەكەوێت باشووری رۆژئاوای تارانی پایتەخت بە تەنها 100 خۆپیشادەر كوژراون.

بە پێی ئەو سەرچاوەیە دەڵێت هێزە ئەمنیەكان لە شەهریار بە پۆشاكی مەدەنییەوە بە شێوەیەكی زۆر خراپ و توند بەرامبەر خۆپیشاندەران جوڵاونەتەوە.

پێگەكەی نزیك لە موسەوی لەسەرچاوەیەكی باوەڕ پێكراوەوە ئەوەیشی گواستۆتەوە كە بەرپرسانی گۆڕستانی "بەهەشت زاهرا"ى تاران تەرمی 156 خۆپیشاندەریان ناشتووە و تەرمی 80 خۆپیشاندەری دیكەشیان رەوانەی شارەكانی دیكە كردووە.

بە وتەی پێگەی "كەلیمە" ئەوان ژمارەی 366 كوژراویان لایە دڵنیاشن لەو ژمارەیە و سەرچاوەكەشیان پشت بە زانیاریە ناوخۆییەكانی ئێران بەستووە.

ئەو ژمارەیە كە بڵاو كراوەتەوە باسی لەوە نەكردووە كە ناوچە كوردییەكان و عەرەبییەكانی باشووری ئێرانی تێدایە یاخود نا، كە ژمارەی كوژراوەكان لە ناوچە كوردیەكان دەگاتە دەیان كەس.

لە كۆتایی مانگی رابردوودا بۆ ماوەی هەفتەیەك شارەكانی ئێران بەهۆی گرانبوونی بەنزین خۆپیشاندان گرتیەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی كوژران و بریندار بوون، جگە لە دەستگیركردنی هەزارانی دیكە، هاوكات بۆ ماوەی چەند رۆژێك تا كپكردنەوەی خۆپیشاندانەكان هێڵی ئینتەر نێت داخراو نەكرایەوە و تا ئێستاش بەشێك لە شارەكان هێڵی ئینتەرنێتیان بۆ نەگەڕاوەتەوە.

د.ح
 


PM:02:40:01/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 2916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو