یەكەم سەرۆك زانكۆى عیراق لە هەڵەبجە
"عادیلە خانمەکانی سەدەی بیستویەک"


وێستگە نیوز-ئاژانسی ئەنادۆڵ
زانکۆ لە هەموو وڵاتێکدا ناوەندێکە بۆ پێگەیاندن و بەرەوپێشبردنی رۆڵەکانی، کە دواجار تەنیا لەو رێگەیەوە دەتوانرێت کۆمەڵگە بەرەوپێش بچێت. بەڵام کاتێک لەنێو جیهانی سێیەم و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ژن کەمترین رۆڵی پێ دەدرێت، رێگری کۆمەڵایەتی لە تێکەڵ بوونی بە ژیانی پەروەردەیی و سیاسی و ئەکادیمی دەکرێت، بەهۆکارێکی تریش بەهۆی ئەو بۆچوونەی کە پێی وایە کاری ژن تەنیا لەماڵەوەیە، هەموو ئەمانە وا دەکەن ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا قۆناغێک لەدوای پیاوانەوە بێت لە هەنگاونان بەرەو بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، ئیداری و ئەکادیمی.

ئێمە سەردانی یەکێکی تر لەو ناوەندانەمان کرد کە لە هەڵەبجە، لەرێگەی ژنێکەوە بەڕێوەدەبرێت، چووین تاکو قسە لەسەر رۆڵی ئافرەت بکەین لەپێگەی ئیداری و ئەکادیمی شارەکەدا، بەڵام کاتێک پێدەخەیتە نێو زانکۆی هەڵەبجەوە ئەو راستییەت بۆ دەردەکەوێت، کە ئافرەت لەنێو سنووری پارێزگای هەڵەبجەدا خولیای خوێندن و بەرزکردنەوەی پلەی ئەکادیمین، لێرەوە وەڵامی ئەو پرسیارەمان بۆ دەردەکەوێت، کە بۆچی هەر لەمێژەوە ئافرەت لەنێو هەڵەبجە خاوەن پێگەی خۆیانن. ئەوەی ئێمە سەرنجمان داو دواتر ئەم زانیارییە پشتراست کرایەوە لەلایەن سەرۆکی زانکۆکەوە، نزیکەی دوولەسەر سێی خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە لە رەگەزی ئافرەتن. بۆیە دەردەکەوێت کە هەرتاکێکی هەڵەبجە دەکرێت بۆخۆی عادیلە خانمێکی تێدا هەڵکەوێت.

لەگەڵ نزیک بوونەوە لە ژووری سەرۆکی زانکۆ ئافرەتێک کە بەرپرسی ئۆفیسی سەرۆکی زانکۆیە بەڕوویەکی خۆشەوە بەناوی شۆخان محەمەد ساڵح پێشوازیت لێ دەکات و گفتوگۆکان و ریزبەندی هەڤپەیڤینەکانی سەرۆکی زانکۆ رێکدەخەن، لێرەشدا رۆڵی ئافرەت خۆی بەدەر دەخات.

ئێمە بۆ ئەنجامدانی هەڤپەیڤینێک لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە کە یەکەم سەرۆکی زانکۆیەکە لە عێراق ئافرەت بێت، چووینە ژوورەکەی دکتۆر مهاباد کامل عەبدوڵا، ئەو ماوەیەکی نزیکە دەستبەکاربووە لە پۆستەکەی، دوو جار و لە دوو کاتی جیاوازدا ناچار بووین لەبەر کەمی کات سەردانی بکەین، ئەوەی بەدیمان کرد، لە کاتی سەردانی یەکەمدا دیزاینی ژوورەکەی کە جێماوی سەرۆکی پێشووی زانکۆکەبوو بەجۆرێک بوو، لە کاتی دووهەمی سەردانەکەماندا لەرۆژێکی تردا، دیزاینی ژوورەکە تەواو گۆڕابوو، وێنەو تابلۆی تایبەت بە ئافرەتان، رۆڵی ژنان، خواستی ژنان بۆ ئازادی لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگەدا، رەنگیان دابوویەوە لە تابلۆو دروشمەکانی کە هەڵواسرابوون لە ژوورەکەدا. هەروەک خۆی پێی گووتین، ئەم دیزاینە نوێیە خواستی خۆیەتی، تاکو رۆڵی ژن رەنگدانەوەی هەبێت تەنانەت بەسەر ئەدای کارمەند و کەلوپەلەکاندا.

- دکتۆرە مهاباد کێیە؟

مهاباد کامیل عەبدوڵا لەدایک بووی شاری هەڵەبجەیە و نزیکەی ٢٣ ساڵە لە بواری زانکۆدا کار دەکات، لە ١٩٩٦ بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٠ دا لەگەڵ هاوسەرەکەی دەچنە فەڕەنسا، لەوێ دبلۆم بەدەست دەهێنێت و لە ٢٠٠٦ دا دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و دەبێتە مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی سلێمانی، دواتر لە ٢٠٠٧ دا لەخوێندنی دکتۆرا لەهەمان زانکۆ وەردەگیرێت و لێرەوە کاروانێکی تری قورس بۆ مهاباد کامیل دێتە پێش. لەماوەی ٣ ساڵدا و بەسەرکەوتوانە دەتوانێت ئەو قۆناغە ئەکادیمیە ببڕێت.
لەدوای بەدەستهێنانی دکتۆرا، ئەمجارە مهاباد کامیل کۆڵ نادات تاکو لە ٢٠١٥ دا ناونیشانی یاریدەدەری پرۆفیسۆری پێ دەدرێت.
دکتۆر مهاباد چەندین پۆست وەردەگرێت لە زانکۆ لەوانە بەڕێوەبەری تۆمارگەی گشتی زانکۆ، نوینەری مامۆستایان، دوایین جار بەرێوەبەری کتێبخانەو ناوەندی چاپخانەی زانکۆ دەبێت.

مهاباد ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هەموو کات لەماڵەوە رۆڵێکی سەرکردانەی گێڕاوە و هەرئەمەش وای کردووە کە هەمیشە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و ئیداری پێ بسپێردرێت و لەوبارەیەوە دەڵێت: ''من هەمیشە هەستم کردووە پۆستێک پێویستی بەمنە، ئەوە منم دەبێت هەڵسم بە راپەڕاندنی ئەو ئەرکە بۆیە زۆر جار پۆستەکان خۆی هاتوون بەرەوپیرم''. دکتۆرە مهاباد نایشارێتەوە کە هەندیک جار ئەندامی لیژنە بووە بەڵام بەهۆی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە وەک سەرۆکی لیژنە مامەڵەی کردووە.

لەبارەی ئەو کاتەی پۆستی سەرۆکی زانکۆیەکی پێدەسپێردرێت بەتایبەت کە لەعێراقدا ئەمە یەکەمین جارە پۆستێکی لەو چەشنە دەدرێت بە ئافرەتێک، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە دکتۆرە مهاباد کامیل دەڵێت، ''لەراستیدا کە ئەم پۆستەم وەرگرت دوو جۆر هەستم لادروست بوو، هەستێکی خۆشی چونکە ئەمە مێژووییەکە، بۆ خۆم و کەسوکار و خانەوادەکەم، بەڵام بەدیوی دووهەمدا ئەم پۆستە بۆ من بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە، چونکە دەخوازم سەرکەوتوو بم تێیدا، وەک ژنێک و وەک بەرپرسیارێتیەکیش کە پۆستەکەمە''.

دکتۆرە مهاباد ئاماژە بەوە دەکات زۆر قورسە بۆ ژنێک کاتێک پۆستێک وەردەگرێت، چونکە دوو جار بیر دەکاتەوە، لەیەکەمیاندا وەک ژن بیر دەکاتەوە لەوەی تردا وەک بەرپرسێک و دەڵێت: ''هەربۆیەشە هەمیشە هەوڵدەدات کە خۆی بسەلمێنێت. کاتێک ژن پۆستێک وەردەگرێت دوو جار دەخوازێت سەرکەوتووبێت، جارێک وەک ئافرەت، جارێکیش وەک بەرپرسیارتێیەک کەکەوتۆتە سەرشانی. چونکە چاومان لەسەرە لەکۆمەڵگە''.

- ژیانی تایبەتی دکتۆرە مهاباد

دکتۆرە مهاباد کە دێیتە سەرباسی ژیانی تایبەتی و خێزانی باس لەوە دەکات کە لەماڵیشەوە کەشوهەوایەکی سەرکردانەی هەیە، دوایین بریار بۆ ئەم دەگەڕێتەوە، هەڵبەت دوای راوێژ کردن بە هەموو تاکەکانی خێزانەکەی.

لەبارەی تێپەڕینی رۆژێک لە ژیانی دکتۆرە مهاباد، ئەو وتی: ''بەیانیان لەخەو هەڵدەستم، یەکسەر منداڵەکان بەخەبەردەهێنم. نان و چایان بۆ ئامادە دەکەم و پاشان دێمە سەر کارەکەم و ئەوانیش دەچن بەلای کاری خۆیانەوە. منداڵەکان دەچنە خوێندنگەو باوکیان دەچێتە زانکۆ''.
ئەو باس لەوە دەکات کە لەنێوان ژیانی تایبەت و ژیانی سەرکارییدا هاوسەنگییەکی راگرتووە و کات بۆ هەردووکیان تەرخان دەکات وەک پێویست.هەروەک بەزەردەخەنەیەکەوە دکتۆر مهاباد باسی ئەوەشی کرد کە منداڵەکانم ئەوەندەی پەیوەندی بەمنەوە دەکەن پەیوەندی بەباوکیانەوە ناکەن، واتە هاوسەنگیم راگرتووە لەنێو کارەکەم و ماڵەوەدا.

دکتۆرە مهاباد نایشارێتەوە کە زۆربەی سەرکەوتنەکان بەهاوکاری هاوسەرەکەی ئەنجام داوە و لە زۆر بواردا یارمەتی وەردەگرێت و بەهۆی هاوکارییەکانی هاوسەر و خێزانەکەیەوە توانیوێتی لە زۆرێک لە بەرپرسیارێتیەکانیدا سەرکەوتوو بێت.

لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هۆکار چیە لەناو هەڵەبجەدا ئافرەتان رۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە پۆستە باڵاکاندا، ناوبراو بۆ ئەوەی گەڕاندەوە کە راستە ئافرەتان خۆیان لە ناوچەکەدا لێهاتوون، بەڵام هاوکات پیاوەکانیش باشن لە رۆڵ دان بە ئافرەت و دەڵێت: ''ئیمە لەم ناوچەیەدا پیاوەکانیش باشن، رەنگە لەهەندێک ناوچەدا رێگە نەدەن بەوەی تەنانەت ئافرەت بشخوێنێت. بەڵام لەم ناوچەیە پیاوانیش حەز دەکەن وەک ئەوان شان بەشانیان کار بکەن و بخوێنن و پێگەو رۆڵی تایبەتیی بدرێت بە ئافرەتان.

دکتۆرە مەهاباد ئامۆژگاری ئافرەتان دەکات کە با خەون و خەیاڵیان هەبێت تەنانەت گەورەش بێت و هەوڵیشی بۆ بدەن و هەرگیز دەستەواژەی 'ناتوانم' بەکارنەهینن لە بەرامبەر هیچ ئەرکێکدا کە پێیان دەسپێردرێت.

پارێزگاری هەڵەبجە ئازاد تۆفیق و سەرنجێک لەسەر رۆڵی ژن لە هەڵەبجە:
لەدوای تەواو کردنی ھەڤپەیڤینەکانمان لەگەڵ سێ خانمە دەسەڵاتدارەکەی هەڵەبجە، پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی پارێزگاری هەڵەبجە ئازاد تۆفیق کرد.

پارێزگاری هەڵەبجە ئازاد تۆفیق پێی وابوو کە هەر لە کۆنەوە ژن و پیاو رۆڵێکی یەکسانیان بینیوە لە نێو هەڵەبجەداو وتی: '' ئەم کولتوورە کە لێرە وەردەگیرێت، مێژووییەکی هەیە ئەوەیە کە ژنان و پیاوان بەیەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ یەکتردا کردووە. ئێمە تێڕوانینەکەمان بۆ ئەوە نییە کە پێمان وابێت ژن بەتواناترە لە پیاو یان بەپێچەوانەوە، بەڵکو ئەمە پەیوەندی بە ئەزموونەوە هەیە، بەبڕوانامەوە هەیە،بە تواناو سەلیقەی کەسەکانەوە هەیە. دەشێت تاکێک هەبێت بەناوی ژیان، تواناو لێوەشاوەیی هەبێت، لەلای کەسێک نەبێت بەناوی ئازاد، کە ژیان-ەکە ژن و ئازادەکە پیاوە و بەپێچەوانەشەوە.بەڵام هەردووکیان بەیەکەوە لەنێو هەڵەبجەدا رۆڵیان بەپێی توانای خۆیان پێ دەدرێت''.

ئازاد تۆفیق وتیشی: "ئێمە کە دوای ئەوەی بەغداد بریاری دا هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا چوار پۆستمان هەیە لە شارەکە ژنان بەرێوەی دەبەن. سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، سەرۆکی شارەوانی، قائیمقام و بەڕێوەبەرێی مافی مرۆڤیش کە هەرچواریان بە سەرکەوتوانە پۆستەکانی ئەم شارە بەڕێوەدەبەن".
 


PM:06:10:22/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 5152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو