ئەڵمانیا و فەڕەنسا بۆ ئێران: پێویستە رێز لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بگیرێت


وێستگە نیوز-
ئەڵمانیا و فەرەنسا داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەن رێز لە داوای خۆپیشاندەرانی ئێران بگرن کە دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە وڵاتەکەیاندا دەنگیان بەرزکردووەتەوە.

ئۆڵریک دیمەر، وتەبێژی ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، پێویستە دەرفەت بە گەلی ئێران بدرێت نیگەرانیەکانی خۆی لە دۆخی سیاسی و ئابوری وڵاتەکەیان دەرببڕن، بەشێوەیەکی ئازادانە و ئاشتیانەش رای خۆیان دەرببڕن.

وتەبێژەکەی راوێژکاری ئەڵمانیا وتیشی، " لەسەر حکومەتی ئێران پێویستە بۆ وەڵامدانەوەی خۆپیشاندانەکان رێگەی ئاشتی و گفتوگۆ بگرێتە بەر".

لە لایەکی دیکەشەوە، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بە گرنگیەوە چاودێری خۆپیشاندانەکانی شارەکانی ئێران دەکەن و بەداخەوەن بۆ کوژرانی خۆپیشاندەرانیش لەم دوو رۆژەی کۆتاییدا".

فەڕەنسا جەختی لەوەش کردووەتەوە رێز لە ئازادی رادەبڕین و مافی خۆپیشاندان بەشێوەیەکی ئاشتیانە بگیرێت.

لە هەینی رابردووەوە شارەکانی ئێران خۆپیشاندانی بەرفراوانی بەخۆوە بینیوە و رۆژانە خۆپیشاندەرانی ئێران دێنە سەر شەقامەکان ئەمەش دوای ئەوەی لە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووەوە حکومەتی ئێران بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینی بۆ سێ هێندە دەرکرد.


PM:05:36:18/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 3168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت