عه‌دنان پاچه‌چی سیاسەتمه‌داری عیراق كۆچی دوایی كرد
وێستگه نیوزـ
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، عه‌دنان پاچه‌چی، سیاسه‌تمه‌داری دیاری عیراق له ته‌مه‌نی 96 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
عه‌دنان پاچه‌چی كه له‌دایكبووی 1923ی به‌غدایه له شاری ئه‌بوزه‌بی له ئیمارات كۆچی دوایی كردوه، پاچه‌چی كوڕی سیاسه‌تمه‌دارێكی سه‌رده‌می شاهانه‌ی عیراقه به‌ناوی مزاحم پاچه‌چی كه له سه‌رده‌می جه‌نگی فه‌له‌ستین له ساڵی 1947، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بووه.
پاچه‌چی له‌دوای شۆڕشی ته‌مموزی 1958 به سه‌رۆكایه‌تیی عه‌بدولكه‌ریم قاسم، باڵیۆزی عیراق بووه له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و دواتر له سه‌رده‌می عه‌بدولسه‌لام عارف، بووه‌ته وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق و له‌كاتی جه‌نگی عه‌ره‌ب ئیسرائیلیش له ساڵی 1967 خزمه‌تی كردوه.
ئه‌وكاته‌ی رژێمی پێشوی به‌عس كوده‌تایان به‌سه‌ر عه‌بدولره‌حمان عارفدا كرد له ساڵی 1968، پاچه‌چی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو، له‌وكاته‌وه بڕیاریدا ببێته ئۆپۆزسیۆن و چووه ناو حكومه‌تی ئه‌بوزه‌بی له ئیمارات بۆ كاركردن، پاچه‌چی ئاماده‌ی دانیشتنی واژووكردنی ده‌ستوری دامه‌زرانی ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌ب و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و وڵاته‌ش بووه.
له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادیی عیراق له ساڵی 2003، پاچه‌چی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی حوكم بوو له عیراق كه له 12ی ته‌مموزی 2003 به‌شێوه‌یه‌كی كاتی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی عیراق پێكهات.
PM:09:11:17/11/2019
ئه‌م بابه‌ته 2524
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت