حکومەت پارە بۆ ژمارەیەک پرۆژە خەرجدەکات کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستابوون




وێستگه‌ نیوز-رووداو

سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە نووسراوێکدا بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر پێشنیازی لیژنەی هاوبەشی خوێندنەوەی پرۆژەکان سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەرجەم پرۆژەکانی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوون، رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگیرا لەسەر جێبەجێکردنی ئەم بڕگانەی خوارەوە تایبەت بە ئەو پرۆژانە. 
 
ئەو بڕگانەی رەزامەندییان لەسەردراوە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: 
 
خەرجکردنی پێشینەکان بۆ پرۆژەی رێگەی هەولێر - گۆپاڵ بەشێوەی وەجەبات.
 
خەرجکردنی پێشینەی پرۆژەی رێگەی  کەلار - دەربەندیخان بەشێوەی وەجەبات.
 
خەرجکردنی 15 ملیار دینار بۆ بوودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان کە بەپێی لە پێشینەیی بۆ ئەو پرۆژانەی لەلایەن پارێزگا و یەکە ئیدارییەکانەوە دەدرێتە وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی پلاندانان بە مەبەستی رەزامەندیدان لەسەریان بەپێی ئەم رێژانەی خوارەوە: 
 
- پارێزگای هەولێر: پێنج ملیار و 100 ملیۆن دینار 
 
پارێزگای سلێمانی: سێ ملیار و 900 ملیۆن دینار 
 
پارێزگای دهۆک: سێ ملیار و 400 ملیۆن دینار 
 
پارێزگای هەڵەبجە: 450 ملیۆن دینار 
 
ئیدارەی راپەڕین: ملیارێک و 170 ملیۆن دینار 
 
ئیدارەی گەرمیان: 900 ملیۆن دینار
 
بەپێی ئەو نووسراوە زۆرترین پارە بۆ پرۆژەکانی پارێزگای سلێمانی (هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان)ن.
 
جێبەجێکردنی 12 پرۆژەی بەنداو کە بڕی بودجەی پێویست بۆیان 33 ملیار و 320 ملیۆن و 530 هەزار دینارە و خەرجکردنی بەشێوەی وەجەبات و بەپێی نەختینە دەبێت. جێبەجێکردنی ئەو 12 بەنداوە بەپێی نووسراوی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە کە بە ژمارە 19 لە 21-10-2019 ئاراستەی دیوانی سەرۆکایەتی کرابوو. 
 
تەواوکردنی کارە خزمەتگوزارییەکانی 17 پرۆژەی نیشتەجێبوون لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەبڕی چوار ملیار و 785 ملیۆن دینار بەشێوەی وەجەبات. 
 
جێبەجێکردنی دوو پرۆژەی تەندروستی بەمشێوەیە: 
 
- پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە بەردەڕەش بە بڕی ملیارێک و 574 ملیۆن دینار. 
 
- پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی شەهید تۆفیق لە دەربەندیخان بە بڕی 507 ملیۆن و 734 هەزار دینار. 
 
دروستکردنی شەقامێک بۆ نەخۆشخانەی گشتیی پێشمەرگە لە هەولێر بە بڕی ملیارێک و 330 ملیۆن دینار کە خەرجکردنی بەشێوەی وەجەبات دەبێت. 
 
دانانی بۆڕی جۆری ئارامکۆ لە شوێنە جیاجیاکان بە بڕی 673 ملیۆن دینار. 
 
تەرخانکردنی بڕی 18 ملیار دینار بەشێوەی وەجەبات بۆ تەواوکردنی توونێلی سەلاحەدین کە بریتییە لە تەواوکردنی توونێلەکە، لابردنی خاشاک، گەیاندنی کارەبا، گەیاندنی توونێلەکە بەڕێگەی کۆڕێ. 
 
خەرجکردنی بڕی 17 ملیار و 80 ملیۆن دینار بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی رێگەی خێرای باشماخ - پێنجوێن لەگەڵ دوو یەکتربڕ بەشێوەی وەجەبات.
 
جێبەجێکردنی دوو پرۆژەی وەرزش و سەنتەری لاوان بەبڕی ملیارێک و 709 ملیۆن دینار بەمشێوەیە: 
 
- پرۆژەی هۆڵی داخراوی وەرزشی قڕگە بەبڕی 900 ملیۆن دینار 
 
- پرۆژەی ناوەندی وەرزش و لاوان لە شارۆچکەی خەلیفان بەبڕی 829 ملیۆن دینار. 
 
خەرجکردنی پێشینەکانی قوتابخانەکانی سابیس کە ژمارەیان حەوت قوتابخانەیە بەپێی هەبوونی نەختینە و بەشێوەی وەجەبات.
 
خەرجکردنی بڕەپارەی پێویست بۆ پرۆژەی تەواوکردنی بینای بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای دهۆک بەشێوەی وەجەبات و بەپێی هەبوونی نەختینە. 
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری بوودجەیەکی مانگانە دابین بکات بەمەبەستی تەواوکردنی هەموو ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییە گشتییانەی لەلایەن وەزارەتەکانەوە و بەپێی کاری لەپێشینە داوای جێبەجێکردنیان دەکرێت و لەچوارچێوەی ئم بودجەیە خەمڵاندنی ئەو پرۆژانە دەکرێت کە گرنگن و کارکردن تێیاند بەردەوامە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. 
 
لیژنەی هاوبەشی خوێندنەوە بۆ پرۆژەکان میکانیزمی گونجاو ئامادەدەکات بۆ چۆنییەتی دابەشکردنی ئەو بودجەیە کە دواتر بەرزدەکرێتەوە بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی بڕیاردان لەسەری.


PM:06:02:11/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 4076 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو