رۆحانی: بە بەردەوامبوونی ئێران لە رێککەوتنی ئەتۆمی دەتوانین ساڵی داهاتوو چەک بکڕین

‌حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران


وێستگە نیوز-
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، بەردەوامبوونی ئێران لە رێککەوتنی ئەتۆمی وادەکات  وڵاتەکەی لە ساڵی داهاتوودا قەدەغەی چەکی لەسەر هەڵبگیرێت و چەک بکڕێت.

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتیەکان لەسەر ئێران قەدەغەیە چەک بکڕێت بەڵام لە ساڵی داهاتوودا ئەو گەمارۆیە لەسەر ئێران لادەچێت و دەتوانن چەک بکڕن. 

رۆحانی دۆخی ئێستای ئێران بە باشتر لە هەر کاتێک وەسف دەکات لە رووی توانای ئەتۆمی و رایگەیاند ئێران توانیویەتی بەربەستەکان لەسەر گەشەپێدانی توانا ئەتۆمیەکانی لابدات. 

وتیشی، " بەردامبوونی ئێران لە پابەندی بە رێککەوتنی ئەتۆمیەوە وادەکات وڵاتەکەی ئامانجە سیاسی و بەرگری و ئەمنیەکانی بەدەستبهێنێت کە یەکێکیان خۆی لە هەڵگرتنی قەدەغەی چەک کڕین دەبینێتەوە لە ساڵی داهاتوودا".

رۆحانی ئاشکراشی کرد، "دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کۆمەڵێک لایەنی ناوخۆیی داوایان دەکرد راستەوخۆ ئێرانیش بکشێتەوە و هەندێکیش داوایان دەکرد ئێران تێیدا بمێنێتەوە بە هەر نرخێک بێت".

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی ئێران لەو نێوانەدا چارەسەرێکی ناوەندی گرتەبەرو لە رێککەوتنەکە بەردەوام بوو و پابەندی خۆی هێواش هێواش کەمکردەوە، وتیشی، "مانەوەی تاران لە رێککەوتنەکەدا یەکێک لە ئامانجەکانی ئەوەیە ئێران بتوانێت لە مانگی 10 ی ساڵی داهاتوو چەکی پێویست بکڕێت".


ش . ر


PM:02:04:11/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 2612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو