تورکیا دەستیکرد بە ناردنەوەی داعشە بیانیەکان بۆ وڵاتەکانیان



وێستگە نیوز-
میدیاکانی تورکیا ئاشکرایان کرد ئەمڕۆ دووشەممە تورکیا دەستیکردووە بە ناردنەوەی داعشە زیندانیکراوە بیانیەکان بۆ وڵاتەکانیان ئەوەش دوای هەفتەی رابردوو وەزیری ناوخۆی تورکیا هەڕەشەی ناردنەوەیانی کردبوو.

ئاژانسی ئەنادۆڵی فەرمی تورکیا لە زاری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیاوە بڵاویکردووە ، وڵاتەکەی رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە حەوت داعشی ئەڵمانی بۆ وڵاتەکەیان دەنێرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش داوە، دوای تەواوبوونی رێککارە یاساییەکان تورکیا دوو دەستگیرکراوی داعش کە بە رەگەز ئەمریکین بۆ وڵاتەکەیان دەنێرێتەوە.

هاوکات بڕیار وایە تورکیا 11 دەستگیرکراوی داعش کە فەڕەنسین بۆ وڵاتەکەیان بگێڕێتەوە.

رۆژی هەینی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، لە ئێستادا 1201 دەستگیرکراوی داعش لە زیندانەکانی تورکیادان و بەشێک لەوانە بیانین.

ئەم بڕیارەی تورکیا بووەتە هۆی نیگەرانی وڵاتانی ئەوروپی و بە مەترسی بۆ سەر وڵاتەکانیان ناوی دەبەن.

پێشتریش بەرپرسانی تورکیا لە 4ی ئەم مانگەدا رایانگەیاند، هەموو ئەو داعشە بیانیانەی لە تورکیا زیندانی کراون بۆ وڵاتەکانیان دەنێرنەوە تەنانەت ئەگەر پاسپۆرتەکانیشیان رەتکرابێتەوە.

سولەیمان سۆیڵۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا هەفتەی رابردوو ئاماژەی بەوە کردبوو، " ئەو داعشە بیانیانە بۆ وڵاتەکانیان دەگێڕینەوە کە لە تورکیا زیندانی کراون، تەنانەت ئەگەر رەگەزنامەکانیان لەلایەن وڵاتەکانیان رەتکرابێتەوە."

 
ش . ر


PM:12:47:11/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 3576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو