چالاكوانێكی عیراقی: حكومەت دەزانێت كێن ئەوانەی چالاكوانان دەڕفێنن
وێستگە نیوز-
دیاردەی كوشتن و ڕفاندنی چالاكوانانی خۆپیشاندەران لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عیراق پەرەی سەندووە، چالاكوانێكی مافی مرۆڤیش دەڵێت ئەو كەسانەی ئەو كارە دەكەن ناسراون.
لە خۆپیشاندانەكانی عیراقدا جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆر كوژراو و بریندار هەیە، دیاردەی ڕفاندن و كوشتنی چالاكوانانی خۆپیشاندەران سەری هەڵداوە و تا ئێستا ژمارەیەك چالاكوان دیار نەماوە، هاوكات ئەمڕۆ پزیشكێك بە ناوی "دكتۆ عەباس" كە چارەسەری بریندارانی دەكرد كاتێك لە نزیك هێزە ئەمنییەكانەوە بو گفتوگۆی لەگەڵ دەكردن، بە گولەیەك كە نایان بە سنگیەوەى كوژرا.
ئەو دیاردەیە مەترسی لای حكومەت و نەتەوە یەكگرتووەكان دروست كردووە، لەو بارەوە ئەمەل جەبوری چالاكوانی بواری مافی مرۆڤ لە وتوێژێكی بۆ كەناڵی ئەلحەدەس ئاشكرایكرد ئەوانەی هەڵدەستن بە كوشتن و رفاندنی چالاكوانان و خۆپیشاندەران ناسراون، حكومەتی عیراق و نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەزانن كێ لە پشت ئەو كارەوەیە.
لەو بارەوە باڵیۆزخانەی ئەمریكا بە توندی لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی رفاندنی چالاكوانانی خۆپیشاندەر و كوشتنیانی كردووە.
زرغام ئەلزوبێدی كە یەكێكە لە چالاكوانە رفێنراوەكان، كەس و كارەكەی دەڵێن میلیشیاكانی سەر بە ئێران دەستیان لە دیارنەمانی كوڕەكەیان هەیە، هەروەها سەبا مەهداوی یەكێكی دیكەیە لەو چالاكوانانەی كە رفێندراوە و بە هەمان شێوە كەس و كارەكەی لایەنگرانی ئێران تۆمەتبار دەكەن.
د.ح
PM:08:24:07/11/2019
ئهم بابهته 2536
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت