دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری ئاژەڵێک کە 140 سەدە پێش ئێستا ژیاوە

‌ئێسکەپەیکەری چەند ماموسێک

 

وێستگە نیوز-
زانایانی مەکسیک توانیان 800 پارچە ئێسکە پەیکەری چەند ماموسێک بدۆزنەوە کە 140 سەدە پێش ئێستا ژیاون.

ئەم دۆزینەوەیە بە گەورەترین دۆزینەوەی ئێسکە پەیکەری ماموسەکان دادەنرێت کە زانایانی مەکسیک پێی گەیشتوون.
 
ماموس ئاژەڵێکی شیردەرە شێوەی بە فیل دەچێت بە قەبارەیەکی گەورەتر، پێش لەناوچوونی لە ناوچەکانی ئەوروپای ناوەڕاست و هەردوو کیشوەری ئەمریکا ژیاوە.

ئەو زانا مەکسیکیانە بە ئاژانسی فرانس پرێس-یان راگەیاندووە، 800 پارچە ئێسە پەیکەرەکەیان لە ناوەڕاستی مەکسیکدا دۆزیوەتەوەو پارچەکان بۆ لەشی 14 ماموس دەگەڕێنەوە.

ئێسکەپەیکەری ئەو 14 ماموسە لە ناوچەی تۆلتیبیک لە ویلایەتی مەکسیکۆی ناوەڕاستی مەکسیک دۆزراونەتەوە، پێنج لەو ماموسانە لەو ناوچەیەدا ژیاون کە هاوکات مرۆڤ و ئاژەڵی دیکەشی تێدا ژیاون.
 
ئەم دۆزینەوەیە تاکە دۆزینەوەی ئێسکە پەیکەری ماموسەکان نیە لە مەکسیک، لە ساڵی حەفتاکانیشدا لەو کاتەی بڕیاربوو هێڵێکی شەمەندەفەر لەناوچەکەدا بکرێتەوە ئێسکە پەیکەری چەند ماموسێکی دیکە لە باکوری مەکسیکۆ دۆزرانەوە.

بەشێک لە توێژینەوەکان ئاماژەیان بەوە داوە هۆکاری لەناوچوونی ماموسەکان بەو شێوە بەرفراوانە ئەو راوکردنە زۆرە بووە کە مرۆڤ لەناوچەکەدا ئەنجامیداوە، هۆکارێکی دیکەش گۆڕانکاری کەشوهەوای زەوی بووە .

لەلایەکی دیکەوە چەند توێژینەوەیەکی دیکە کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر پێکهاتەی لەشی ماموسەکان کردووە ئاشکرایان کردووە مرۆڤ هیچ دەستێکی نیە لە لەناوچوونی ماموسەکان لە زەویدا.


ش. ر


PM:05:19:07/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 4404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو