هاتوچۆی بارهەڵگرەکان لەرێگەی بەندەری ئومقەسر ئاسایی بوەوە

‌رێگای بەندەری ئومقەسر کراوە..

وێستگه‌ نیوز ـ

رێگه‌ی به‌نده‌ری ئومقه‌سر كرایه‌وه‌و هاتوچۆی بارهه‌ڵگره‌كان ئاسایی بووه‌ته‌وه‌، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت، كردنه‌وه‌ی رێگه‌ی ئه‌و به‌نده‌ره‌ واده‌كات خۆپیشاندانه‌كان به‌ره‌و هێوربوونه‌وه‌ بڕۆن.

شیروان میرزا، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ی تشرینی دووه‌می 2019، رێگەی بەندەری ئوم قەسر کرایەوە و ئێستا هاتووچۆی بارهەڵگرەکان ئاسایی بووەتەوە.

هاوکات فەریق روکن قاسم نزال، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە ئاماژەی بەوەکردووە، هیچ توندوتیژییەک رووی نەداوە و بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ خۆپیشاندەران بابەتەکە چارەسەر کراوە و خۆپیشاندەران رێگەکەیان کردەوە و ئێستا هیچ گرفتێک لەو بەندەرە نەماوە.

شیروان میرزا، بۆ وێستگە نیوز ئاماژەی بەوەشدا کە سەرەڕای بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی عیراق، بەڵام دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە رۆیشتووە و هەموان چاویان لەسەر سبەینێ هەینییە تا بزانرێت دوا هەڵوێستی مەرجەعیەت چی دەبێت ئایا پشتیوانی لە مانەوەی حکومەت دەکات یان نا.

لە بەغدا و بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەی عیراق خۆپیشاندان بەردەوامە و حکومەتی عیراق رێوشوێنێکی توندوتۆڵی لە دەورووبەری دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان لە بەغدا و شوێنەکانی دیکە گرتووەتە بەر، لەناو ئەو دامەزراوانەدا بانکەکان زۆرترین هێزی ئەمنیان بۆ دانراوە.
 
بەرپرسە سەربازییەکانی عیراق دەڵێن، داخستنی رێگە سەرەکییەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە زیانی شەش ملیار دۆلاری لە وڵاتەکە داوە.
 
زیاتر لە مانگێک بەسەر خۆپیشاندانەکانی بەغدا و بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەی عیراق تێپەڕدەبێت، تا ئێستا نزیکەی 300 خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە 12 هەزار کەس بریندارن.


PM:01:00:07/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 2980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت