ئەو کچەی دەڵێت حەمکۆ دەستدرێژی سێکسی کردوەتە سەری: هەڕەشە لەسەر ژیانم هەیە

‌محەمەد جۆرج، ناسراو بە حەمکۆ


وێستگە نیوز-شەیدا رەسوڵ 

س، م، ح ئەو کچە تەمەن 29 ساڵەی کە دەڵێت: حەمکۆ دەستدرێژی کردووەتە سەرم، لە ئێستادا لە شوێنێکی نهێنی و دوور لە خێزانەکەی دەژی چونکە وەک خۆی دەڵێت،"هەڕەشە لەسەر ژیانی هەیە".

لەم چاوپێکەوتنەی وێستگە نیوزدا بۆ یەکەمجار م، س، ح وردەکاری کەیسەکەی و چیرۆکی دەستدرێژیەکە بۆ وێستگە نیوز ئاشکرا دەکات.

ئەم کچە نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا لەلایەن  محەمەد جۆرج ناسراو بە حەمکۆ کە بە ئەکتەری کۆمیدیا ناسراوە، وەک خۆی دەڵێت، "دەستدرێژی کراوەتە سەر" لە ئێستادا کەیسەکەی لە دادگایە و حەمکۆش نزیکەی دوو مانگە لە زینداندایە.

لە رۆژی 19ی ئەیلولی 2019 بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر کچێک ئەکتەری بواری کۆمیدیا حەمکۆ دەستگیرکرا و دواتر پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، حەمکۆ دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەپێی مادەی 395 یاسای سزادانی عێراقی لە چاکسازی گەورەی شاری هەولێر دەستبەسەرکراوە.

" لێدوانم بۆ هیچ میدیایەک نەداوە"

س، م، ح  بە وێستگە نیوز-ی وت، "من تا ئێستا لێدوانم بۆ هیچ میدیایەک نەداوە و وێستگە یەکەم میدیایە لێدوانی بۆ دەدەم، ئەوانەی بە ناوی منەوە لێدوانیان بڵاوکردووەتەوە غەدرییان لێ کردووم  و داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەم".

ئەم خانمە دەڵێت داوای یاسایی لەسەر ئەو میدیایە تۆمار دەکات کە بە ناوی ئەوەوە لێدوانی بڵاوکردووەتەوە،"کاتێک دۆخم ئاسایی بێتەوە داوا لەسەر ئەو رۆژنامەنوسە تۆمار دەکەم کە بە ناوی منەوە لێدوانی بڵاوکردووەتەوە، ئەویش غەدری لە من کرد، کەیسەکەی منی خراپتر کرد، وای پیشانداوە من پەیوەندیەکی پێشینەم لەگەڵ حەمکۆ هەبووە، من دەمەوێ میدیا هەقم نەخوات با بە هانامەوە بێت، رەنگە چەندین کەسی دیکە کە لە ژێر هەڕەشەدا بن بە هۆی منەوە بتوانن بێنە دەنگ و داوای مافی خۆیان بکەن".

" بێدەنگ کرام بە هەڕەشەکردن و ئابڕووبردن و ترساندن"

س، م، ح دەڵێت، "من کچە کوردێکم لەلایەن کەسێکی نابەرپرسەوە دسەتدرێژیم کراوەتە سەر، ماوەی هەشت مانگ بێدەنگ کرام بە هەڕەشە کردن و ئابڕووبردن و ترساندنی بە کەسی بەرپرس و ئاسایش، هەمیشە دەیترساندم و دەیچەوساندمەوە، دوای هەشت مانگ بە هەوڵی کەسانێکی دڵسۆز دەنگم هەڵبڕی کە رۆژنامەنوسێکی ژن بوو پارێزەرێکی پێ ناساندم و منیش داوای هەقی خۆم کرد دوای ئەوەی هۆشیاربوومەوەو مافەکانی خۆم زانی، سکاڵام تۆمار کرد بەڵام کە تۆمارم کرد حاڵم خۆم زۆر خراپ بوو بەشێوەیەک دەترسام هەڕەشەی لێ دەکردم کە بە کۆمەڵ دەستدرێژیم دەکەنە سەر ، زۆر بە ترسەوە ئیفادەم دا، بەردەوام هەڕەشەی دەکرد، لە رێی کەسی نزیکی خۆیەوە هەڕەشەی لێ دەکردم".

"حەمکۆ کەسێکی مەترسیدارە و دەستدرێژی کردووەتە سەر کچانی دیکەش"

ئەم خانمە خۆی بە یەکەم قوربانی دەستی حەمکۆ نازانێت و بۆ وێستگە نیوز دەڵێت، "من یەکەم قوربانی دەستی ئەو نیم ، دەستدرێژی کردووەتە سەر کچی دیکەش بەڵام بە پارە بێدەنگی کردوون بەشێکیشیان ناوێرن قسە بەکەن، حەمکۆ کەسێکی زۆر مەترسیدارە".

"ئەو کچانەی دیکە زۆر بچووکن، موالید 94، 95، 96 ن، هاوسەری ئێستاشی موالیدی 2003 یە کە بە چوار رۆژ مارەی کرد و گواستیشیەوە، من پێموایە دەستدرێژی کردووەتە سەر ئەویش و بە هاوسەرگیری بێدەنگی کردووە، بۆ ئەوەی بابەتەکە بشاردرێتەوە بە چوار رۆژ مەوزوعەکەی حەل کردووە، ئێستا ژنەکەی لە ماڵی کچەکەیەتی ، دیسان دەیڵێمەوە حەمکۆ زۆر مەترسیدارە".
 
"س، م ، ح  ئەو شەوە دەگێڕێتەوە کە دەستدرێژی کراوەتەسەر"

ئەو شەوەی ئەو رووداوە روویدا دوو کچەکەی هاتن بە شوێنمدا تەنانەت دایک و باوکیشم ئاگادار بوون کاتژمێر 7 بە تەکسیەک هاتنە دوام و وتیان کۆبوونەوەی خێزانیە خواردنمان دروست کردووە، کە چوومە ماڵەکەوە دایک و باوکیشیان لەوێ بوو واتە حەمکۆ و ژنەکەی پێشووی, جێی سەرسوڕمان بوو جونکە ئەوان جیابوونەتەوە، بەڵام بەشێوەیەک قەناعەتیان بۆ دروستکردم کە دانیشتنێکی خێزانیە و شتێکی ئاساییە، دواتر کە خەبەرم بووەوە بە تەنها مابوومەوە لە شوقەکەی بێهۆش کرابووم ، کە هەستامەوە هەڕەشەی لێ کردم"

 
س، م، ح وەک خۆی دەڵێت، هیچ نزیکایەتی و پەیوەندی لەگەڵ حەمکۆ نەبووە، "من هاوڕێی کچەکەی بووم، هیچ پەیوەندی و نزیکایەتیم لەگەڵ حەمکۆ نەبووە، من سێ ساڵە هاوڕێی کچکەی حەمکۆم، مێردی کچێکیشی لەوێ بوو، دیاربوو کارەکەیان بۆ ئەوە بوو بە هەموویان تەڵە بۆ من بنێنەوە".

 
"لە ماڵەکەدا زیندانی کردم هەتا بەیانیەکەی بەیانیەکەی بە زۆر بردمیە لای دکتۆر، خۆشی لە ئیفادەکەیدا وتوویەتی کە بردوومەتە دکتۆر  لە پاش ئەو هەموو غەدرەشەوە ئێستا دەیانەوێت مادەی سزادانەکەی بگۆڕن، من غەدرێکی زۆر زۆر دەبینم ، تا ئێستا سێ جار هەوڵی خۆکوشتنم داوە، دۆخم زۆر ناخۆشە هەوڵی ئەوەی داوە هاوسەرگیریم لەگەڵ بکا بەڵام هەرگیز ئامادە نیم لەگەڵ ئەو زەواج بکەم چونکە ئەگەر بیویستایە لە ماوەی ئەو هەشت مانگەدا زەواجی لەگەڵ دەکردم، ئەو کارانە بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی خۆی دەکات"
 
"حەمکۆ لە زیندان ژیانی خۆشە و دەستوەردانیش لە کەیسەکەدا دەکرێت"

بە وتەی س، م، ح حەمکۆ لە زیندان وەک زیندانیانی دیکە مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت"حەمکۆ لە زیندانی محەتەی هەولێرە، زانیاری سەدا سەدم هەیە کە حەمکۆ وەک زیندانیەکانی دیکە مامەڵەی لەگەڵ ناکرێ، هەفتەی رابردوو کەسێک پەیوەندی پێوە کردم پێی وتم حەمکۆ لە زینداندا مۆبایلەکەی خۆی بەکاردێنێت و لە شوێنی تایبەتە و مامەڵەی زۆر جوانی لەگەڵ دەکرێت، دەستتێوەردانێک هەیە لە سوککردنی مادەکەی، لە هەندێ شوێنیش داوای کردوووە من بە سوڵح کۆتایی بە کەیسەکە بهێنم بەڵام من هەرگیز ئامادەی سوڵح نیم چونکە ئەو دەستدرێژی کردوومەتەسەر من هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵ ئەو نەبووە".

"لە کەسانی سەرەوە دەستوەردان دەکرێت، من پێشتریش کۆمەڵێک ناوم بە حاکم وتووە کە ئەو بەرپرسە باڵادەستانە ناوەکانی یەک بە یەک داوە، چونکە باڵادەست بوون زۆر ترساوم، هەمیشە ڤیدیۆی ترسناکی بۆ من ناردووە بەڵام ئەو کچە رۆژنامەنوسە بە هانامەوە هات، من لە حاڵەتێکی زۆر ناخۆشدام، هەمیشە هەڕەشەی دەکرد و دەیوت من دەستگیریش بکرێم دەتوانم بێمە دەرەوە و هەرچیم بوێ بەسەرت دەهێنم، من بە تەنیام و هەمیشە دەترسم، من دڵنیام کە هەڵدێت، هەواڵم پێگەیشتووە کە جنسیەکەی بردووە بۆ بووکەکەی بۆ ئەوەی بتوانێت هەڵبێت، من دەزانم شارەزام و دەیانەوێ مادەکەی لەسەر سوک بکەن بۆ ئەوەی بتوانێت هەڵبێت، من کەسێکی ددان سازم خوێنەوارم لە خێزانێکی بەناوبانگم، ناهەقیە بەرامبەرم دەکرێت کچەکانی لە رێی ئەکاونتی نەناسراوەوە بەردەوام هەڕەشەم لێ دەکەن".

"داوا لە خەڵک و میدیا دەکەم بە هانامەوە بێن"

س، م، ح داوای هاوکاری لە خەڵک و میدیاکان دەکات سەبارەت بە کەیسەکەی،"پێموایە لە کارەکانی دادگا دەستوەردان هەیە، تا ئێستا لێدوانم نەداوەتە هیچ شوێنێک چاوەڕێ بوومە یاسا سەردوەر بێت و مافەکانی خۆم وەرگرمەوە، من هەموو بەڵگەکانم دەیسەلمێنێت کە دەستدرێژی سێکسیە بەڵام کە ئێستا دەیانەوێت بە مادەیەکی دیکە بە کەفالەت ئازادی بکەن من لێدوان دەدەم و هانا بۆ خەڵک و میدیاکان دەبەم، دەمەوێ ئەم ناهەقیەم بەرامبەر نەکرێت، تکا لە هەموو کەس دەکەم ئەم ناهەقیە قبوڵ نەکەن تا کچانی دیکە بەدەست کەسانی وەک حەمکۆوە ئاوایان بەسەر نەیەت و بە هەڕەشە بێدەنگ بکرێن".

"کۆتایی بە ژیانی خۆم دەهێنم"

س، م، ح دەڵێت ئەگەر کەیسەکەی لە دادگا رێکاری پێویستی بۆ نەگیرێتە بەر کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، "ئەگەر حەمکۆ لە زیندان هەڵهات یان ئازادکرا، من ئەوە دەکەمە ئەستۆی حاکم، چونکە هەموو بەڵگەکانی من نیشانی دەدەن کە دەستدرێژیم کراوەتە سەر، من بە حاکمم راگەیاندووە لەبەردەم دادگا کۆتایی بە ژیانی خۆم دەهێنم، هەرچیەکیش رووبدا دەیەخمە ئەستۆی حاکم، داوا دەکەم مادەکە بگۆڕێت و بە کافەالەت ئازاد نەکرێ چونکە ئەوە تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر من، چونکە حەمکۆ هەڵبێت بە کەس ناگیرێتەوە لەبەرئەوەی پێشتریش رێگەی قاچاغی گرتووەتە بەر و شارەزایە و پێشتر هەڵاتوەو پاش 18 ساڵ گەڕاوەتەوە کوردستان". 

"حەمکۆ هەڵبێت ناگەڕێتەوە، ئەوکات من ناتوانم داوای مافی خۆم بکەم، هەڕەشەم لەسەرە لەلایەن خێزانەکەمەوە، من ناچار دەبم کۆتایی بە ژیانی خۆم بهێنم لە بەرامبەر دادگا". 

"لە ئێستادا لە شوێنێکی نهێنی ئەژیم دوور لە هەموو کەس و خێزانەکەم، ئێستادا سێ دکتۆر چاودێری من دەکەن".

م، س، ح داوا حکومەتی هەرێم و لایەنی پەیوەندیدار دەکات رێگری بکەن لە سوککردنی مادەی سزادانی حەمکۆ و دەڵێت، "تكاتان لێده‌كه‌م رێگری بكه‌ن له‌ ده‌ستێوه‌ردان و سووكردنی مادده‌كه‌ی، پێویسته‌ به‌ تووندترین شێوه‌ سزای خۆی وه‌ربگرێت، وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ له‌ وتار و لێدوانه‌كانتان جه‌خت له‌سه‌ر ئارامی و ئاسایشی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌، منیش مافی خۆمه‌ دوور له‌ مه‌ترسی و به‌ ئارامی له‌ كوردستان بژیم، داواكارم حه‌مكۆ و نموونه‌كانی به‌ تووندترین شێوه‌ سزابدرێن، بۆ ئه‌وه‌ی چیدیكه‌ كچانی و ژنانی كرودستان نه‌بنه‌ قوربانی حه‌زوو و چیژی كه‌سانی نابه‌رپرس".

پارێزەری کەیسەکە بۆ یەکەمجار لێدوان دەدات

یاسین وەلی حەداد، پارێزەری کەیسی س، م، ح بۆ یەکەم جار لێدوان بۆ میدیا دەدات و بە وێستگە نیوزی وت،" ئێستا کەیسەکە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە بەڵگەکان کۆدەکرێنەوە، بەڵام دادوەر لەم رۆژانەدا بڕیاریدا حەمکۆ بە کەفالەت ئازاد بکرێت و هەندێک رێکاری لەسەر داناوەو تەواو نەبووە وەک دەستەبەری و دانانی قەدەغەی سەفەر لەسەر پاسپۆرتە بەریتانیەکەی، ئەگەر ئەو رێکارانە تەواو بن بە کافالەت ئازاد دەبێت"

دەشڵێت، ناکۆکی ئێمە لەگەڵ دادگا لەسەر مادەکەیە دەبووایە دادگا بە مادەی 393حەمکۆ زیندانی بکا بەڵام بە مادەی 395 زیندانی کراوە ، ئەوە غەدرێکە، غەدری دووەمیش ئەوەیە بە کەفالەت ئازاد بکرێت." 

بە وتەی پارێزەکەی م، س، ح حەمکۆ لە زیندانی محەتەی هەولێرە-چاکسازی گەوران، "حەمکۆ مەترسی هەڵاتنیشی لێ دەکرێت چونکە خاوەنی رگەزنامەی بەریتانیە و شارەزای رێگەکانی هەڵاتنیشە".

یاسین وەلی حەداد روونکردنەوەی لەسەر هەردوو مادەکە داو وتی، "مادەی 395 بۆ ئەوە شیاوە کەسێک بەڵێن بدا بە کچێک بۆ زەواج، بەڵام کەیسەکە بۆ ئەو مادەیە شییاو نیە دەبوو مادەی 393 بێت کە تایبەتە دەستدرێژی ، چونکە حەمکۆ بێهۆشی کردووە دەستدرێژی کردووەتە سەری، حەمکۆ خۆشی دانی پێدا ناوە کاتێک کچەکانی رۆیشتوون دەستدرێژی کردووەتە سەر و دواتر هەڕەشەی لێ کردووە".
 


PM:01:59:06/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 89460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو