وێنە و ڤیدیۆ.. یەکەم نەشتەرگەری چاندنی تەواوی روخسار بۆ پیاوێکی ئەفریقی

‌رۆبێرت چێڵسی


وێستگە نیوز- 
نەخۆشخانەیەکی ئەمریکی دەستکەوتێکی گەورەی لە جیهانی پزیشکیدا بەدەستهێنا دوای ئەوەی یەکەم نەشتەرگەری چاندنی تەواوەتی روخساری بەشیوەیەکی سەرکەوتووانە بۆ پیاوێکی ئەفریقی ئەنجامدا.

 
رۆبێرت چێڵسی، ئەو پیاوە ئەفریقیەیە کە دوای شەش ساڵی ناڵاندن بەدەست ئازار و ناڕەحەتیەکانیەوە نەشتەرگەری چاندنی روخساری بە سەرکەوتوویی بۆ ئەنجامدراوە.
 
رۆبێرت چیڵسی رۆژێکی ساڵی 2013 شۆفێری دەکرد بۆ ئەوەی بگاتە سەر کارەکەی لەو کاتەدا ئۆتۆمبێلێک خۆی پێدا کێشا کە شۆفێرەکەی "سەرخۆش" بووە ، ئۆتۆمبێلەکەی رۆبێرت وەرگەڕاوەو پاشان ئاگری گرتووە، بەهۆی رووداوەکەشەوە روخساری رۆبێرت بە تەواوی سوتا و شیوەی ئاسایی خۆی شێوا.
 
چەندین جار پێش نەشتەرگەرییەکە رۆبێرت چێڵسی رایگەیاندووە، یەکێک لە ئاواتەکانی ئەوەیە بتوانێت جارێکی دیکە روخساری کچەکەی ماچ بکات بەڵام بەهۆی شێواوی روخسارییەوە نەیتوانیوە ئەو کارە بکات.
 
نەشتەرگەرییەکەی رۆبێرت 16 کاتژمێری خایاندووەو 45 پزیشک و کارمەند و پسپۆڕی نەشتەرگەری بەشدارییان تێدا کردووە، سێ مانگیش لەژێر چاودێری چڕدا بووە.
 
پزیشکەکانی رایانگەیاندووە، رۆبێرت چێڵسی دەتوانێت نزیکەی یەک ساڵی دیکە بەشێوەیەکی ئاسایی نان بخوات و گفتوگۆ بکات و پێبکەنێت.
 
دوای نەشتەرگەرییەکەش خێزانی رۆبێرت لەسەر ماڵپەڕی "go fund me" هەڵمەتێکیان راگەیاندووە بە مەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری کۆمەک تا بتوانن خەرجیەکانی دەرمان بۆ رۆبێرت دابین بکەن.
 
شەش ساڵ لەمەوپێش نەشتەرگەرییەکی دیکەی چاندنی روخسار لە وڵاتی فەڕەنسا بۆ پیاوێکی بە رەگەز ئەفریقی ئەنجامدرا بەڵام نەشتەرگەرییەکە تەنها بەشێکی روخساری گرتەوەو وەک ئەم نەشتەرگەرییەی رۆبێرت چاندنی تەواوەتی روخسار نەبوو. 


ش . ر



AM:11:13:26/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 9820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو