بەرهەم ساڵح: عيراق هێشتا لەژێر كاریگەری وێرانكارییەكانی داعش دەربازی نەبووە



وێستگە نیوز-

سەرۆككۆماری عیراق ڕایدەگەیەنێت، لەشكركێشی توركیا بۆ سەر خاكی سوریا دەبێتە ھۆكاری شكست پێھێنانی ھەوڵەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتیكردنی تیرۆر.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 17/10/2019،  (بەرھەم ساڵح) سەرۆككۆماری عیراق لە كۆشكی سەلام لە شاری بەغدا، پێشوازیكرد لە (ژان ئیف لۆدریان) وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندێكی یاوەری و نوسنگەی سرۆككۆماریش ڕایدەگەیەنێت، لە دیدارەكەدا بەرهەم ساڵح جەختیكردەوە لە چڕكردنەوەی ھەوڵەكان بۆ پشتوانیكردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ڕێگانەدان بە گروپە تیرۆریستییەكان بۆ دووبارە خۆڕێكخستنەوەیان، تا  جارێكی دیكە نەبنە مەترسی بۆ سەر ناوچەكە و جیھان.

هاوكات ئەوەشی خستۆتەڕوو، عێراق ھێشتا لەژێر كاریگەری تاوان و وێرانكارییەكانی گروپی تیرۆریستی داعش دەربازی نەبووە و تەوەرەیەكی دیكەی دیدارەكەشدا سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوە كرد كە لەشكركێشی توركیا بۆ سەر خاكی سوریا، دەبێتە ھۆكاری شكست پێھێنانی ھەوڵەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتیكردنی تیرۆر.

ڕاگەیەنراوەكە دەڵێت"بەرهەم ساڵح جەختیكردەوە لە پێویستی ڕاگرتنی بەپەلەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا و بەھاناوەچونی ھاووڵاتیانی سڤیل لەو ناوچانەی كە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی تێدایە".


PM:02:21:17/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 1860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت