وێنەی ئەو دەمانچەیە بڵاوکرایەوە كه‌ پۆلیس دەڵێت "ئامانج خۆی و ژن و منداڵەکەی پێ کوشتووە"

‌دەمانچەکە لای پۆلیسە

وێستگه‌ نیوزـ

پۆلیسی سلێمانی وێنه‌ی ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت، "ئامانج خۆی و ژن و منداڵەکەی پێ کوشتووە"، بەرپرسی سەنتەری میترۆش ئاماژە بەوە دەکات کە بەرپرسی پۆلیسی سلێمانی شانۆی تاوانەکەی خستە بەردەستیان.


شەوی چوارشەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2019، له‌ تێرمیناڵی شاره‌زوور ئامانج بابانی، پێشكه‌شكاری كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی و لانە محەمەدی هاوسه‌ری، پێشكه‌شكاری كه‌ناڵی كوردسات و منداڵه‌كه‌یان بەناوی هانۆ، بە كوژاوی لە ئۆتۆمبیلەکەیاندا دۆزرانەوە.

رەحمان غەریب، بەرپرسی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە: "ئەم بەیانییە لەگەڵ سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان لە سەر داوای بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی عەمیید ئاسۆ شێخ تەها، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان كرد، هەندێ زانیاری نوێی سەبارەت بە تاوانەكەی شەوی رابردوو كە تیایدا هەردوو رۆژنامەنوس (ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵە ساواكەیان) گیانیان لەدەستدا".

رەحمان غەریب ئاماژەی بەوەشداوە: "هەندێ وردەكاری شانۆی تاوانەكەی خستە بەردەستمان داوامان لێكرد و وردەكاری لێكۆڵینەوەی سەرەتایی بخاتە بەردەستی رۆژنامەنوسان و رای گشتی".

هاوکات پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەشداوە: بڕیارە کاتژمێر 12ی نێوەڕۆی ئەمرۆ پێجشەممە 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی بۆ دەزگاكانی میدیا ساز بكەن وردەكاری روداوەكە بخاتە بەردەستی رای گشتی.



 


AM:11:48:17/10/2019


















ئه‌م بابه‌ته 33220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت