گه‌نجێك دوای ئه‌وه‌ی له‌ خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا بە كوژراو دانرابوو به‌ زیندوویی گه‌ڕایه‌وه‌

‌قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی عیراق.. فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
دوای ئەوەی ھەواڵی کوژرانی موسلیم بڵاودەبێتەوە، کەسوکاری دەینێژن و پرسەی بۆ دادەنێن، بەڵام پاش سێ رۆژ و پێش تەواوبوونی پرسەکەی، موسلیم بە زیندوویی دەگەڕێتەوە.


بەپێی ھەواڵێکی سایتی ئه‌لعه‌ره‌بیە، کوڕێکی ته‌مه‌ن 17 ساڵان بەناوی موسلیم، سەرەڕای بەرھەڵستی دایک و باوکی، لە رۆژی ھەینی 4ی تشرینی یەکەمی 2019، بەرەو خۆپیشاندانەکانی بەغدا بەڕێدەکەوێت، ھەروەک گەنجەکانی دیکەی ئەو شارە بە مەبەستی داواکردنی مافەکانی.

بەڵام لە نزیکی کاتژمێر حەوتی ئێوارەدا و پاش تەقەکردن لە خۆپیشاندەرەکان بە مەبەستی بڵاوەپێکردنیان، ھەواڵ دەگات بە ماڵی موسلیم لەلایەن ھاوڕێکانیەوە، ناوبراو لە خۆپیشاندانەکەدا کوژراوە و فیشەک بەر سەری کەوتووە، بەوەش رووخساری تێکچووە، ھەروەھا پۆلیسەکان نەیانھێشتووە ئەوان نزیکی لاشەکەی بکەون و بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بردوویانەتە نەخۆشخانە.

پاشان مامی موسلیم وتی: " ئێوارە ھەواڵەکەمان پێگەیشت، راستەوخۆ چووین بۆ چەند نەخۆشخانەیەک تا بەدوای لاشەکەیدا بگەڕێین، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان لاشەکەمان وەرگرتەوە و گەڕاینەوە بۆ نەجەف، پاشان مەراسیمی ناشتنمان تەواوکرد و پرسەمان بۆ دانا".

بەڵام ھەر سێ رۆژ دواتر و پێش تەواوبوونی پرسەکەی ھەواڵمان پێگەیشت کە موسلیم زیندووە و، لە نھۆمی پانزەیەمی نەخۆشخانەیەکە، ئەو نھۆمە تایبەتە بە کەسە بێ ناسنامەکان.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "کە گەیشتینە نەخۆشخانە پاش دڵنیابوونەوە بینیمان موسلیم زیندووە، بەڵام بریندارە، لەو کاتەشدا خێزانێکی دیکەمان بینی کە بەدوای کوڕە ونبووەکەیاندا دەگەڕان، پاش دڵنیابوونەوە بۆمان دەرکەوت ئەو کەسەی ئێمە ناشتوومانە کوڕەکەی ئەوان بووە بە ناوی حسێن، کە بە تەواوی جەستە و باڵایان لەگەڵ موسلیم ھاوشێوە بووە، ھاوکات ھەردووکیشیان ته‌مه‌نیان 17 ساڵان بووه‌".

ئەمەش لەکاتێکدایە، تا ئێستاش چەندین کەسی دیکە لە خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەکەی بەغدا بێسەروشوێنن، خێزانەکانیان بەدوایاندا دەگەڕێن.

خۆپیشاندانەکانی سەرەتای تشرینی یەکەم لە بەغدا و، زۆربەی شارەکانی باشووری عیراق، بووە ھۆی کوژرانی زیاتر لە 160 کەس و برینداربوونی نزیکی شەش ھەزار کەسی دیکە.

هــ. ر


PM:07:40:16/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 14592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو