تارق هاشمی پشتیوانی لە ئۆپراسیۆنە سەربازیەکەی توركیا دەكات

‌تارق هاشمی

وێستگە نیوز ـ
جێگری پێشووتری سەرۆك كۆماری عیراق پشتیوانی ئۆپراسیۆنە سەربازیەکەی توركیا دەكات و رایدەگەیەنێت، تورکیا داگیر کەر نیە و سەروەری خاکی سوریای پێشێل نەکردوە.


تارق هاشمی، جێگری پێشووتری سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ تویتێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر پشیوانی خۆی بۆ ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان ده‌ربڕیوه‌و نووسیویه‌تی: "ئۆپراسیۆنە سەربازیەکەی توركیا یاساییە و نیگەرانی ناوێت، تورکیا داگیر کەر نیە و سەروەری خاکی سوریای پێشێل نەکردوە، چەندین وڵات خاکی سوریایان داگیر کردوە و سنووریشیان لەگەڵ سوریا نیە بە پێچەوانەی تورکیاوە، لەگەڵ ئەوەشدا کەس قسە ناکات بەڵام کاتێک تورکیا جوڵە دەکات هەموو دێنە قسە".

تارق هاشمی ئه‌وه‌شی نووسیوه‌: "زۆر قسە کرا لە سەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی توركیا کە بە (کانی ئاشتی) ناوبراوە، ئەم ئۆپراسیۆنە برا کوردەکانمان ناگرێتەوە لە سوریا نە لە نزیک نە لە دوور، کارەکە قورسە بەڵام پارستنی هاوڵاتیان زۆر گرنگە".

تارق هاشمی، ئەوەشی باسکردووە، "ئۆپراسیۆنێكی سەربازیە كە رەهەندی مرۆیی لەخۆگرتووە، نیشتەجێكردنەوەی پەنابەرانی سوریایە لەچەند ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سوریا، گەڕاندنەوەی راگوێزراوان و ئاوارەكان و چارەسەركردنی كاریگەرییەكانی گۆڕانگارییە دیمۆگرافییەكانە، چەند ئامانجێكی شەرەفمەندانەیە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێگەیشتنی هەبێت بۆیان و پشتیوانی لەتوركیا بكات لەپێناو بەدیهێنانی بەكەمترین كات".

تارق هاشمی، یەكێكە لە سیاسەتمەدارە سوننە مەزهەبەكانی عیراق، ساڵی 2012 دوای ئەوەی لەلایەن حكومەتی عیراق بە پشتیوانیكردن لە تیرۆر تۆمەتبار كرا، بەرەو توركیا هەڵات و لەو كاتەوە تائێستا لەو وڵاتەیەو نەگەڕاوەتەوە عیراق.

له‌ مانگی ئایاری‌ 2012 دا پۆلیسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ "ئینته‌رپوڵ‌" یاداشتێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌ركرد و داوایكرد به‌ تۆمه‌تی‌ پشتیوانی‌ تیرۆر تارق هاشمی‌، جێگری‌ ئه‌وكاتی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراقی‌ راده‌ست بكرێت.

یاداشته‌كه‌ش له‌سه‌ر داوایه‌كی‌ حكومه‌تی‌ ئه‌وكاتی‌ عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ نوری‌ مالیكی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق بووه كه‌ تۆمه‌تباری‌ كردبوو به‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوانی‌ كوشتن و سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ تیمه‌كانی‌ كوشتن له‌ وڵاتدا.


AM:11:27:13/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 4444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت