هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان

‌کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی

وێستگە نیوز-
ئەمڕۆ شەممە کۆبوونەوەی بەپەلەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لەسەر دۆخی سوریا لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتان بەڕێوەچوو و تێیدا هەریەک لە دەوڵەتانی بەشدار هەڵوێستی خۆیان لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سوریا راگەیاند.
 

لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم وڵاتان سەرکۆنەی هێرشەکەی تورکیایان کرد و داواش کرا هێزە بیانیەکان لە وڵاتی سوریا بچنە دەرەوە.
 
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد ئەبولغێت، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی رایگەیاند، کۆمکاری عەرەبی ئیدانەی هەر دەستواردانێکی بیانی لە سوریادا دەکات.
 
لای خۆشیەوە، ئەنوەر قرقاش وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیمارات داوای چوونەدەرەوەی هێزە بیانیەکانی لە سوریا کرد.
 
ئەنوەر قرقاش، وتیشی، " ئەو کارەی تورکیا توانای تیرۆرستان گەشەپێدەداتەوەو ئارامی ناوچەکە ئاڵۆز دەکات، هاوکات قەیرانێکی مرۆیی دروست دەکات".
 
ئاماژەی بەوەش کرد، ئیمارات پشتیوانی هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ چارەسەری ئاشتی کێشەکانی سوریا.
 
هاوکات هەر لە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبیدا، سعودیە ئیدانەی هێرشەکانی تورکیای کرد و عادل جوبەیر، وەزیری کاروباری دەرەوەی سعودیە وتی، " هێرشی تورکیا بەربەست بۆ رووبەڕووبوونەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دروست دەکات".

لای خۆشیەوە شێخ خالید بن ئەحمەد ئال خەلیفە، وەزیری دەرەوەی بەحرەین رایگەیاند، وڵاتەکەی هەر دوژمنکارییەک رەتدەکاتەوە کە لەلایەن هەر دەوڵەتێکەوە بکرێتە سەر هەر وڵاتێکی عەرەبی.
 
هەڵوێستی وڵاتی میسریش لەسەر هێرشەکانی تورکیا لە زاری سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسرەوە راگەیەندراو، سامح شوکری وتی، " تورکیا دەستیکردەووە بە پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەتان"
 
جەختیشیکردەوە " مافی سورییەکانە بەرگری بەرامبەر هەر دوژمنکارییەکی تورکیا بکەن".
 
وەزیری دەرەوی میسر وتیشی" داوا دەکەین لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە لە هێرشەکەی سەر سوریا تێوەگلاون".
 
وەزیرەکەی میسر ئاماژەی بەوەش دا، تورکیا بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر گەڕانەوەی داعش بۆ ناوچەکە و وتی، " تورکیا دەیەوێت دیمۆگرافیای سوریا بگۆڕێت".
 
لەلایەکی دیکەشەوە ئەیمەن سەفدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، وڵاتەکەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا رەتدەکاتەوەو ئیدانەی دەکات و خەجتیش لە چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکانی سوریا و پاراستنی یەکگرتوویی خاکی سوریا دەکاتەوە.
 
ئیسماعیل شێخ ئەحمەد، وەزیری دەرەوی مۆریتانیاش وتی، " هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی سوریا ئیدانە دەکەین".
 
جیاواز لەو دەوڵەتانە هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوەی جەزائیر و لوبنان داوایان کرد سوریا بگەڕێتەوە بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی.

کۆمکاری عەرەبی  دامەزراوەیەکی هەرێمیە وڵاتانی عەرەبی ناو قاڕەی ئاسیا و ئەفریقا لەخۆدەگرێت، ئەم کۆمکارە کۆبوونەوەی ساڵانە ئەنجامدەدات و بەپێی ئەو بارودۆخانەش کە لە وڵاتە عەرەبیەکاندا دێنەکایەوە کۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجامدەدات و بڕیار و راسپاردە بڵاودەکاتەوە و هەڵوێستی خۆی لەسەر رووداوەکان رادەگەیەنێت.


ش . ر 
 


PM:04:52:12/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 2788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو