لەبەر رۆژئاوا، هەڵوێست دوو کۆنسێرتی دواخست


وێستگە نیوز-
بەهۆی رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا، دوو کۆنسێرتی هونەرمەند هەڵوێست لە باشوری کوردستان دواخران. 

لە راگەیەندراوێکدا کۆمپانیای میترۆنۆم پرۆدەکشن رایگەیاندووە، بەهۆی ئەم نەهامەتی و بارگرانیەی لەسەر رۆژئاوای کوردستان هەیە بڕیاریانداوە کۆنسێرتی هونەرمەند هەڵوێست لە شارەکانی هەولێر و کەرکوک دوابخرێت. 

کۆمپانیاکە راشیگەیاندووە، لەگەڵ تێپەڕینی باروودۆخەکە کۆنسێرتەکان بە باشترین شێوە ئەنجامدەدرێنەوە. 

ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو کەسانەی تکتی کۆنسێرتی هەردوو شارەکەیان کڕیوە دەتوانن بچنەوە ناوەندی فرۆشتنی تیکتەکان و پارەکانیان وەربگرنەوە.

دەقی راگەیەندراوی کۆمپانیای میترۆنۆم پرۆدەکشن: 

دوای ئەوەی زیاتر لە مانگێکە کۆمپانیاکەمان بە ھاوکاری لەگەڵ ئاسیاسێڵ و کەناڵی کوردماکس سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئەنجامدانی چەند کۆنسێرتێک بۆ ھونەرمەند ( ھەڵوێست محەمەد )، بەڵام تەنھا ڕۆژێک پێش کۆنسێرتی سلێمانی ھەواڵیکی ناخۆش و جەرگ بڕ ھەموو دنیای گرتەوە کە ھێرشێکی داگیرکاری و ناڕەوابوو بۆ سەر  ڕۆژئاوای نیشتیمان بە شەرمەزاریەوە لەبەر کەمی کاتەکە و چاوەڕوانی میوانانمان نەمان توانی کۆنسێرتەکە بوەستێنین ئەنجامماندا بەڵام بەتەواوی تایبەتمان کرد بە ڕۆژئاوا و تەواو ھاوخەمی خوشک و براو کەسوکارمان بووین لەو نەھامەتی و لەشکرکێشییە.

بەڵام ئێستا کە ھەفتەیەکی ماوە بۆ کۆنسێرتی ھەولێر و کەرکوک بە ڕاوێژ لەگەڵ کۆمپانیا ھاوبەشەکانمان لەکاتێکدا زۆربەی تکتەکان فرۆشراوە و تەواوی ئامادەکاریەکان کۆتاییان پێ ھاتوە، بەڵام بەھۆی ئەم نەھامەتی و بارگرانیەوە بڕیارماندا بە دواخستنی کۆنسێرتەکانمان لە کەرکوک و ھەولێر، ئەو بەڕێزانەی تکتیان كڕیوە دەتوانن بیگەڕێننەوە ھەمان ناوەندی فرۆشتن و پارەکانیان وەربگرنەوە 

ئێمە زۆر داوای لێبوردن لەو ھەوادار و ھاوڕێیانەی ھونەرمەند  دەکەین کە بەڵێنمان دابوو کارێکی تەواو تایبەت و جیاوازیان بۆ بکەین بەڵام لە ئێستادا بەھۆی ئەم بارودۆخەوە نەمان توانی ئەو کارەبکەین، بەڵێن بێت لەگەڵ تێپەڕبوونی ئەم بارودۆخە بە زووترین کات کۆنسێرتەکانمان ئەنجام بدەین بە باشترین شێوە، سوپاس بۆ تێگەیشتنتان و لێبوردەیتان

مێترۆنۆم پڕۆدەکشن


PM:11:16:11/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 3208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو