پۆلیسی سلێمانی: بەتاوانی جۆراو جۆر 11 تۆمەتبار دەستگیر كران



وێستگە نیوز-
پۆلیسی سلێمانی، دەستگیر كردنی ژمارەیەك تۆمەتبار ڕادەگەیەنێت و ئاماژەبەوەش دەكات، ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون جۆراو جۆرن.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پۆلیسی پارێزگاری سلێمانی، لەچەند چالاكییەكی‌ هێزەكانی‌ پۆلیس دا، 11 كەس بەتۆمەتی‌ ئەنجامدانی‌ چەند تاوانێكی‌ جۆراوجۆر دەستگیركران.

ڕاگەیەنراوەكە دەڵێت"چوار تۆمەتبار دەستگیركراون كە هەستاون بەبردنی‌ ئوتومبیلی‌ هاوڵاتییەك‌و لێكردنەوەی‌ تابلۆكەی‌‌و فرۆشتنی‌ بەكەسێك لەدەرەوەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ كە گوایە ئوتومبیلەكە بێ سەرەتایە، لەئێستادا هەر چوار تۆمەتبار بەبڕیاری‌ بەڕێز دادوەر ڕاگیراون".

"چوار تۆمەتباری‌ دیكە دەستگیركراون كە زیاتر لە 40 پشتگیریی‌ شوێنی‌ كاركردنی خۆیان ساختەكردووە بۆئەوەی‌ ببنە كەفیلی‌ ئەو كەسانەی‌ ڕاگیراون (واتە بەندن)و بە(كەفالەت) سپاردە ئازاد دەكرێن، تۆمەتبارەكان بەبڕیاری‌ بەڕێز دادوەر ڕاگیراون".

هەروەها دەشڵێت"دو تۆمەتباری‌ دیكە دەستگیركراون كە لەشۆفێری‌ ئوتومبیلێكیان داوەو برینداریان كردوەو دواتر ئوتومبیلەكەیان بردووە كە لەجۆری‌ (لێكزس)ە، هەروەها بڕێك پارەشیان بردووە كە بە 10 هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت‌و لەناو ئوتومبیلەكەدا بووە، لەسەر هەمان دۆسیەو بەبڕیاری‌ بەڕێز دادوەر فەرمانی‌ دەستگیركردن بۆ دو تۆمەتباری‌ دیكە دەرچووەو لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن".

لەكۆتای ڕاگەیەنراوەكەشدا هاتووە"تۆمەتبارێكی‌ دیكە دەستگیركراوە كە هەستاوە بەدزیكردن لەماڵێك‌و بردنی‌ 20 مسقاڵ ئاڵتون لەگەڕەكی‌ تانجەرۆ، لەئێستادا تۆمەتبار بەفەرمانی‌ بەڕێز دادوەرو بەپێی‌ ماددەی‌ 443 لەیاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ڕاگیراوە".


PM:03:28:10/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت