بزوتنەوەی گۆڕان: رۆژئاوا تەنیا نیيە


وێستگه‌ نیوزـ

بزوتنەوەی گۆڕان وێڕای ئیدانەکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا، رایدەگەیەنێت کە کێشەی کورد، بە شەڕ و داگیرکاری و ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی چارەسەر ناکرێت، رێگەی ئاشتییانە و گرتنەبەری لێکتێگەیشتن کلیلی چارەسەری کێشەکانی ناوچەکەیە.

لە بەیاننامەیەکدا بە ناونیشانی (رۆژئاوا تەنیا نیە)، بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: رۆژئاوای کوردستان کە قوربانییەکی زۆریان داوە بۆ پاراستنی خاکەکەیان لەچنگی گروپە تیرۆریستیەکان و لەبری هەمو جیهان شەڕی داعشیان کردوە، شایەنی قەرەبوکردنەوە و لالێکردنەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتین، نەک پەلاماردانی تورکیا و جێبەجێکردنی پڕۆسەی داگیرکاری. 

هەر لە بەیاننەکەدا بزوتنەوەی گۆڕان داوای دەست پێکردنی کەمپینی جەماوەری بەرفراوان دەکات هەم بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بەو داگیرکاریەو هەمیش بۆ پشتگیری مادی و مەعنەوی لە رۆژئاوا. داواش لە رەوەندی کوردی دەکات بە هەمو شێوازێکی مەدەنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕن و یارمەتیی خێرا بۆ رۆژئاوا کۆ بکەنەوە.

دەقی بەیاننامەکە: 

رۆژئاوا تەنیا نیە
جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە توندی ئیدانە دەکەین و بڕوامان وایە ئەم پڕۆسەیە نەک خزمەت بە سەقامگیری سیاسیی لە ناوچەکە ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی قوڵبونەوەی کێشەکان و کارەساتی مرۆیی و، ئاوارەبونی سەدان هەزار خەڵکی سیڤیل بەدوای خۆیدا دەهێنیت، هاوکاتیش دەرفەتێک دەبێت بۆ خۆرێکخستنەوەی شانە نوستوەکانی داعش و 
بەهێزکردنەوەی گروپە تیرۆریستییەکان لەناوچەکە و شکاندنی ئیرادەی نەتەوەیەکی ئازا کە بەخوێنی خۆیان بەرگرییان لە ئازادییەکانیان کردوە.

رۆژئاوای کوردستان کە قوربانییەکی زۆریان داوە بۆ پاراستنی خاکەکەیان لەچنگی گروپە تیرۆریستیەکان و لەبری هەمو جیهان شەڕی داعشیان کردوە، شایەنی قەرەبوکردنەوە و لالێکردنەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتین، نەک پەلاماردانی تورکیا و جێبەجێکردنی پڕۆسەی داگیرکاری، ئەمەش بەرپرسیارێتیی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتوەکان و هاوپەیمانانی دژی داعشە، کە رێ لە پڕۆسەی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بگرن و رێگربن لە ئەگەرە نەخوازراوەکان کە روبەڕوی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو ناوچانە دەبنەوە.

کێشەی کورد، بە شەڕ و داگیرکاری و ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی چارەسەر ناکرێت، رێگەی ئاشتییانە و گرتنەبەری لێکتێگەیشتن کلیلی چارەسەری کێشەکانی ناوچەکەیە. ئەم دۆخە وادەخوازێت هەمو لایەک بە گیانی بەرپرسیارێتی سیاسی و ئەخلاقی و مرۆیی مامەڵە لەگەڵ کەیسی رۆژئاوای کوردستان بکەن و ئەگەرەکانی جەنگ و ماڵوێرانی و خوێنڕشتن و کارەساتی مرۆیی دور بخەنەوە.

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، سەرباری ناڕەزایەتیی توندمان بۆ ئەو هێرشە دوژمنکارییە و پشتگیریی تەواومان بۆ خەبات و مافی رەوای گەلەکەمان و دانیشتوانی رۆژئاوا، لەهەمان کاتدا داوا لەسەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان و حکومەتی هەرێم و عێراق و جەماوەر دەکەین،  کە لەم ساتەوەختە هەستیارەدا پشت و پەنای رۆژئاوا بن و بەهەمو شێوازێکی خەباتی دیبلۆماسی و سیاسی و مەدەنی و جەماوەری ئەو پشتگیرییەی خۆیان پێشان بدەن و هەرێمیش هەمو جۆرە کۆمەکێک بۆ هاوڵاتیانمان لە رۆژئاوا فەراهەم بکات. هاوکات داوای دەست پێکردنی کەمپینی جەماوەری بەرفراوان ئەکەین هەم بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بەو داگیرکاریەو هەمیش بۆ پشتگیری مادی و مەعنەوی گەلەکەمان لە رۆژئاوا. داواش لە رەوەندی کوردی ئەکەین بە هەمو شێوازێکی مەدەنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕن و یارمەتیی خێرا بۆ رۆژئاوا کۆ بکەنەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان
(9/10/2019)


PM:10:51:09/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت