كۆسره‌ت ره‌سوڵ داوای كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان ده‌كات


وێسته‌ نیوزـ

جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ له‌شكركێشیه‌كه‌ی توركیا بۆسه‌ر ناوچه‌كانی شه‌ڕڤانان، پێشێلكردنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌، داواشیكرد كور یه‌كڕیزیی خۆی بارێزێ و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كیشی بۆ كۆبونه‌وه‌ی لوته‌كه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كرد.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ له‌شكركێشیه‌كه‌ی توركیا ژیانی هه‌زاران هاوڵاتی بێدیفاغ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یمامه‌كه‌یدا كۆسره‌ت ره‌سوڵ داوای له‌ هێزە سیاسیەکانی کوردستان و گەلی کوردستان كرد، تەبایی و یەکریزیمان بپارێزین و نێوماڵی کوردستان تۆکمەتر بکەن، وتیشی: "دەستپێشخەری کۆبوونەوە و میوانداریكردنی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەخەمەروو و بۆ پتەوکردنی تەبایی لایەنە سیاسییەکان و یەکریزی گەلەکەمان و یەکخستنی هەڵوێستەکان."

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی:

بەداخەوە سەرباری هۆشداری و ناڕەزایی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لەشکرکێشی و پەلاماری بۆ باکوری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، کە سەرباری پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری خاکی سوریا، ژیانی هەزاران مرۆڤی مەدەنی بێدیفاع لەژێر مەترسی تۆپباران و ئاگری شەڕدان.

‎پەنابردن بۆ بژاردەی شەڕ و بەلاوەنانی بژاردەی ئاشتی و چارەسەری سیاسی، کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەخوڵقێنێ و ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەکە و جیهانیش دەخاتە مەترسیەوە و جارێکی تر هەڕەشەی تیرۆر كوچی به لیشاو بەجۆرێکی تر سەرهەڵدەداتەوە.

‎داوا لە کۆمەڵگای نێوەوڵەتی دەکەین، چۆن لە جەنگی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشدا، پشتیوانی گەلی قارەمانی کوردستان بوون، لەم پەلاماردان و لەشکرکێشەیشدا، بێنەدەنگ بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ڕێگەگرتن لەکارەساتی گەورەی مرۆیی و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە. لەمڕووەوە داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین، لە کۆبوونەوەی چاوەروانکراویاندا گەلەکەمان نائومێد نەکەن و لەبەرژەوەندی ئاشتی و ئاسایشیدا بڕیاربدەن.

‎لەم بارودۆخە ئاڵۆزو مەترسیدارەدا، داوا لە هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستان و گەلی کوردستان دەکەم، تەبایی و یەکریزیمان بپارێزین و نێوماڵی کوردستان تۆکمەتر بکەین. هەموو هەوڵێکمان بخەینەگەر بۆ هاوکاری مرۆیی ئاوارەکان و بەکارهێنانی هەموو کەناڵە پەیوەندییە دیپلۆماتیەکان لە پێناوی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی مەترسیەکان.

‎هەروەها دەستپێشخەری کۆبوونەوە و میوانداریكردنی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەخەمەروو و بۆ پتەوکردنی تەبایی لایەنە سیاسییەکان و یەکریزی گەلەکەمان و یەکخستنی هەڵوێستەکان و ئامادەکاری بۆ رووبەروبوینەوەی مەترسییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان.
‎سەربکەوێ ئاشتی ، نەفرەت لە شەڕ و خوێنڕشتن.

‎کۆسرەت رەسوڵ عەلی
‎جێگری سکرتێری گشتی ی.ن.ک
9/10/2019


PM:09:30:09/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 1768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت