بەرهەم ساڵح: پێویستە چاكسازی وەزاری بكرێت



وێستگە نیوز-
سەرۆككۆماری عیراق ڕایدەگەیەنێت، پێویستە چاكسازی وەزاری بكرێت بۆ باشتركردنی ئەدای حكومەت بەجۆرێك كە ئاستی بەڕێوەبردنی كارەكانی ببێتە مایەی فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییەكان.

بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عیراق لەمیانی پێشوازیكردنی لە ژمارەیەك كەسایەتی دیاری مەدینە سەدر داوایكرد دانبەخۆدا بگیرێ و چاكسازییە پێویستەكان جێبەجێبكرێن و ئاماژەی بەوەدا، عیراقییەكان شێلگیرانە هەنگاو دەنێن بۆ پێشەوە بەرەو بەجێگەیاندنی پرۆژەی بنیادنانی دەوڵەت و ئەركی ئێمەشە چاكسازی پێویست بكەین بۆ ئەوەی ژیانێكی ئازاد و شكۆمەند بەدیبێت بۆیان.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەی سەرۆككۆماری عیراق كە كۆپییەكی بۆ (وێستگە نیوز) نێردراوە تێیدا هاتووە"سەرۆك كۆمار جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە خۆپیشاندان مافێكی رەوایە بۆ هەموو هاوڵاتییەك بەو مەرجەی هێمنانە بێت و بەبێ ئەوەی خوێنی هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكانی تیادا بڕژێت، یاخود سەرپێچی نەبێت بۆ سەر دامەزراوە گشتییەكانی دەوڵەت".

ڕاگەیەنراوەكە دەشڵێت"سەرۆكایەتی كۆمار پشتیوانی دەكات لە قەرەبوونكردنەوەی زیان لێكەوتووان و كاركردن بۆ لێپێچینەوە لە تاوانباران و ئەوانەی لە دەرەوەی یاسا كە دەستڕێژی گولەیان كردووە".

بەرهەم ساڵح روونیشی كردەوە، پێویستە چاكسازی وەزاری بكرێت بۆ باشتركردنی ئەدای حكومەت بەجۆرێك كە ئاستی بەڕێوەبردنی كارەكانی ببێتە مایەی فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییەكان و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ ئەوانەی بێ كارن و دەستەبەركردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی.


PM:07:45:08/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت