بەرپرسێكی باڵای پنتاگۆن: پارێزگاری لە هاوپەیمانە كوردەكانمان دەكەین



وێستگە نیوز-

بەرپرسێكی باڵای پنتاگۆن رایگەیاند، توركیا ناتوانێت هێرش بكاتە سەر باكوری سوریا، چونكە بە وتەی ئەو "پەیامەكەی سەرۆك ترامپ بە بەرپرسانی توركیا گەیشتووە و خۆیان لێی تێ گەیشتوون".

سایتی "ئەلحوڕە"ی سەر بە ئەمریكا لە هەواڵێكدا لێدوانی بەرپرسێكی باڵای پنتاگۆنی بڵاو كردۆتەوە، بە بێ ئەوەی ناوەكەی ئاشكرابكات وتویەتی"هێزەكانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیدایە لە سوریا و پشتیوانی لە كوردە هاوپەمیانەكانیشیان دەكەن بەرامبەر بە هەر هێرشێك بكرێتە سەریان".

دوو رۆژ لەمەوپێش پاش پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا و دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، هێزەكانی سوپای ئەمریكا لە سوریا بە فەرمانی سەرۆكی وڵاتەكەیان لە ناوچە سنوریەكان دەستیان بە كشانەوە كرد، لە راگەیەندراوێكیشدا كۆشكی سپی ئەوەی راگەیاند ئەوان پشتیوانی لە هێرشەكەی توركیا ناكەن بەڵام رێگریش نابن، ئەوە  بڕیارەش كاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا بە تایبەت لە ئاستی ناوخۆی ئەمریكا، ئەوەش وایكرد ترامپ پەیامێكی نوێ بە گوێی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرەدا بدات و دژایەتی خۆی بۆ هێرشكردنە سەر سوپای سوریای دیموكرات رابگەیەنێت.

لەو بارەیەوە بەرپرسەكەی پنتاگۆن ئاماژەی بەوە كردووە، پەیامەكەی دۆناڵد ترامپ بە توركیا گەیشتووە و دەڵێت "خۆیان لە ناوەڕۆكەكەی گەیشتوون".


PM:07:24:08/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت