وەزارەتی دەرەوەی ئێران: لەگەڵ هەر هێرشێکی تورکیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات ناکۆکین

‌ئاڵای کۆماری ئیسلامی ئێران


وێستگە نیوز-
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی ناکۆکە لەگەڵ ئەنجامدانی هەر هێرشێکی تورکیا بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە چڕی و بە نیگەرانیشەوە لەو هەواڵانە دەڕوانێت کە باس چوونە ناوەوەی هێزەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی سوریا دەکەن و دەشڵێت، " حکومەتی وڵاتەکەی ناکۆکە لەگەڵ ئەنجامدانی هەر هێرشێکی تورکیا بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات".

دوێنێ دووشەممە تورکیا رایگەیاند ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا تەواو کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، چوونە ناوەوەی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی تورکیا ترسی تورکیا لە ئاسایشی خۆی کەمناکاتەوە و، ئەو هەنگاوەی تورکیا زیانی گیانی و مادی گەورەی لە ناوچەکەدا لێ دەکەوێتەوە.

سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی سوریا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندوە، ئەوە هەنگاوێک بوو کە دەبوو زۆر زووتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بیگرێتەبەر.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران هیواشی خواستووە دوای کشانەوەی سوپای ئەمریکا، سوریا و ناوچەکەش بە گشتی سەقامگیر بێت.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا ئەوەش هاتووە، "ئێران پەیوەندی بەپەلە لەگەڵ بەرپرسانی سوریا و تورکیا ئەنجامدەدات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوولا و چارەسەری کێشەکان بەشێوەی ئاشتیانە".
 


PM:12:07:08/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 5456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت