سەرۆک وەزیرانی عیراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفونیان ئەنجامدا



وێستگە نیوز-
سەرۆک وەزیرانی عیراق و وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفونیان ئەنجامدا.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق، رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەر پرسی خۆپیشاندانەکانی شاری بەغدا و شارەکانی دیکەی عیراق قسەیان کردووە.

بەپێی بەیاننامەکە لە پەیوەندیە تەلەفونیەکەدا سەرۆک وەزیرانی عیراق دوا پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنی عیراق و گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی بۆ شارەکان لە دوای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆ بۆ مایک پۆمپیۆ خستووەتەڕوو.

هاوکات عادل عەبدولمەهدی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئاسایشی عیراق لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنیەکانە و کاریش بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری زیاتر دەکەن.

بەیاننامەکە دەشڵێت، " عادل عەبدولمەهدی بە بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکای راگەیاندووە کە حکومەتەکەی کۆمەڵێک چاکسازی راگەیاندووە و رێوشوێنیش دەگرێتە بەر، بەردەوامیش دەبێت لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاونیشتیمانیان".

ش . ر


AM:10:31:07/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت