كەوتنەخوارەوەی مەراق بڵاوكرایەوە




وێستگە نیوز
ئەم كتێبە بە ''دیوانی هایكوی كوردی''یش ناسراوە كە لە ناوەوە لە سێ كتێب پێكدێت، كتێبی یەكەم بەناونیشانی (پژمینی گوڵ) هایكو سروشتییەكان و ڕەگەزەكانی دەگرێتەوە، كتێبی دووەم بەناونیشانی (عاشقێك میزەڵان دەفرۆشێت) هایكو مرۆییەكان دەگرێتەوە، كتێبی سێهەم (هەنگێكم لەكاتی پێوەدان) هایكو ئیرۆتیكی و پۆرنۆگرافییەكان دەگرێتەوە.

هایكو پۆڕنۆگرافییەكان دەبێتە دەستپێكێكی جدی؛ هەم لە ئەدەبیاتی كوردیدا و هەم  لە هایكوی كوردیدا. لەگەڵ نووسینێكی گرنگ و پایەخدار بەناونیشانی (باسێك لەسەر هایكو و ئەدەبی ژاپۆنی) كە (۱۰۰) لاپەڕەی كتێبەكەی گرتووە و زۆر پێویستە بۆ گشت خوێنەران بۆ شارەزایی لەسەر هایكو. هەروەها لە دیوانەكەدا نووسینێكی "ملكۆ ئەحمەد" هەیە، بەناونیشانی (تەكنیك و بابەت) لە هایكوەكانی (سەردار نۆڕێ)دا.

لە كۆتایی پێشەكیی دیوانەكەدا سەردار نۆڕێ دەڵێت:"پۆلێنكردن و جیاكردنەوەی هایكوەكان، بەو شێوەیەی كە لەناو دیوانەكەدا هەن، پەیوەندی بە كاتی نووسینیانەوە نییە، چونكە هەموویان لە كاتی جیاوازدا نووسراون، پاشان لە كاتی ئامادەكردنیان بۆ چاپكردن، ئەوانەی باس و بابەتەكانیان لێكترەوە نزیكە، كراون بە دەستە و ڕیز كراون و ناونیشانێكیان بۆ دانراوە."

هایكونووس و نیگاركیش سەردار نۆڕێ خاوەنی كتێبێكی شیعرییە (پۆرترێتی ئەندێشەكانی فڕین) ساڵی ٢٠١٤، بەڕیوبەری "یانەی هایكوی كوردی"یە و بەڕێوبەری نووسینی گۆڤاری (هایكیست)ـە.

كتیبێ ''كەوتنە خوارەوەی مەراق'' لە زنجیرە بڵاوكراوەكانی نووسیار و لە دووتوێی ٤٦٢ لاپەڕەی بەرگ ڕەقدا بە سەر سەرجەم كتێبخانەكانی شار و شارۆچكەكانی كوردستان بڵاو دەكرێتەوە.


PM:04:04:04/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 3984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت