هونەرمەند ئەنوەر شێخانی کۆچی دوایی کرد

‌ئەنوەر شێخانی

وێستگه‌ نیوز ـ

هونەرمەند و شانۆکاری شاری هەولێر، ئەنوەر شێخانی به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ و له‌ ته‌مه‌نی 68 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.


ئه‌نوه‌ر شێخانی یەکێک بووە لە ئەکتەرە دیارەکانی سەر شاشە و شانۆکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ماوەکانی رابردوو بە دەست نەخۆشییەوە دەیناڵاند.

ساڵی رابردووش لە شاری هەولێر، بەهۆی 50 ساڵ خزمەت لە بواری هونەردا، مەراسیمێکی رێزلێنانی بۆ سازکرا.

ژیاننامەی ئەنوەر شێخانی:

ئەنوەر شێخانی لە دایک بووی ساڵی 1951 و دەستپێکی کاری ھونەری لە ساڵی 1970 لە تیپی پێشڕەوی سەر بە سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بووە، یەکەمین شانۆ بەناوی (سەرەتان) بەشداری تیادا کرد، بەڵام بۆ تۆماری تەلەفزیۆنی ناوەکەی گۆڕا بۆ (مارەیی).

ـ دوای پێنج ساڵ لە کاری رێکخستن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، لە نەورۆزی 1973 بە تۆمەتی سیاسی دەستگیر دەكرێت و لەگەڵ ئەشکەنجەدان و راگواستن بۆ دیوانیە، پاشان رادەكات و پەیوەندی بە بارەگای هێزی دەشتی هەولێر لە دەکات لە دێگەڵە و دەبێتە پێشمەرگە، سەرەتا لە ناوچەی قەڵادزێ دەبێت، دوای شۆڕش دەچێتە ئێران و لە ساڵی 1976 دەگەڕێتەوە، راستەوخۆ لە دوای گەڕانەوە دووبارە رادەگوازرێتەوە بۆ دیوانیە.

لە ساڵی 1976، لە رێگەی هەڵبژاردن بووەتە بەڕێوه‌بەری ھونەری کۆمەڵ و ھونەر و وێژەی کورد مەڵبەندی گشتی، لەبەر رێگریکردن لە دەستوەردانی چالاکی حزبی بەعس نەیانهێشت لە ساڵێک زیاتر بەردەوام بێت.

دامەزرێنەری کۆمەڵەی ھونەرمەندانی کوردستان/ هەولێر 31/3/1991.

دەستەی دامەزرێنەری تەلەفزیۆنی (KTV)، 1992).

دەستەی دامەزرێنەری سەندیکای ھونەرمەندانی کورردستان،  لە ساڵی 1998، (4) ساڵیش وەک سکرتێری گشتی سەندیکا هەڵبژێردرا.

لەگەڵ یەکگرتنەوەی سەندیکا و یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان لە کۆنگرەی یەکگرتن لە ساڵی 2006، وەک سکرتێری گشتی رێکخراوی ھونەرمەندانی کوردستان هەڵبژێردرا و کارەکتەری سەرەکی بوو لە پێشخستنی یەکگرتنەوەکە و ڕێکخراوەکە بوو.

ـ زیاتر لە 60 کاری شانۆیی وەکو ئەکتەر و بەڕێوەبەری بەرهەم و دەرهێنان بەشداری کردووە.

وەکو ئەکتەرو بەرھەم ھێنەر بەشداری نزیکەی لە 10 فیلمی سینەمایی ناوخۆیی و بیانی درێژ کردووە و فیلمەکان لە فیستیڤاڵە جیھانییەکان دەسکەوتی بەرچاویان ھەبووە.

سەرپەرشتی و بەشداری دەیان درامای کردووە و رۆڵی سەرەکی ھەبووە لە دەیان کورتە فیلم، بەVێوەبەری بەرهەمی دیکۆمێنتاری، دیارترینیان کە ناوبانگی نێودەوڵەتی بەرچاوی هەبوو؛ (گۆڕە بەکۆمەڵەکان، علی کیمیایی).

بەشداری چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە و خاوەنی چەندین خەڵاتی‌ رێزلێنانە.

هــ. ر


AM:09:32:23/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 20104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو