"پارتی‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ پرسی‌ كه‌ركوكی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا ڕاگرت".

‌"له‌ئێستادا پرسی‌ دانانی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوكی‌ به‌ستۆته‌وه‌ به‌ پرسی‌ دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌"



وێستگه‌ نیوز-


دوێنێ‌ دواهه‌مین رۆژی‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ بوو كه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان تایبه‌ت به‌ پرسی‌ كه‌ركوك و دانانی‌ پارێزگایه‌ك بۆ ئه‌و شاره‌ رێككه‌وتبوون.

له‌كاتی‌ گفتووگۆكانی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پێكهێنانی‌ حكومه‌ته‌كه‌دا پرسی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوك له‌ماوه‌ی‌ 45 رۆژدا یه‌كلا بكرێته‌وه‌. دوێنێ‌ دواهه‌مین رۆژی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ بوو كه‌ دیاریكرابوو.

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر له‌وتارێكیدا كه‌وێستگه‌ نیوز ده‌قه‌كه‌ی‌ بڵاوكردۆته‌وه‌ كادری‌ دیاری‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان و نوسه‌رو رۆژنامه‌نوس له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند " لەم رۆژانە لێپرسراوێكی پارتی پەیوەندیی بەیەكێتی كردووەو راگرتنی كۆبونەوەكانی تایبەت بە دانانی پارێزگاری كەركوكی لەگەڵ یەكێتی راگەیاندووە! ئەمەش بەمانای شكستهێنانی تەواوەتی پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك دێت".

به‌پێی‌ قسه‌ی‌ ئه‌م كادره‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان پارتی‌ له‌ئێستادا پرسی‌ دانانی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوكی‌ به‌ستۆته‌وه‌ به‌ پرسی‌ دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌.

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر ده‌ڵێت:"لەسەرەتاوە هەموو دەمانزانی پارتی نایێتە ژێرباری دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك! ئەگینا هیچ پەیوەندییەك لەنێوان دانانی پارێزگاری كەركوك و دابەشكردنی پۆستەكانی هەڵەبجەدا نییە كە ئێستا پارتی كردویەتییە بیانوو بۆ خۆدزینەوەو شكستپێهێنانی رێككەوتنی دانانی پارێزگاری كەركوك كە بڕیاربوو لەماوەی 45 رۆژی رێككەوتنەكەی سلێمانی دەستنیشان بكرێت و لەئەنجومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر بدرێت".

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ ئه‌م كادره‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان "خراپتر لەوە تائێستا خالد شوانیی وەزیری هەماهەنگیی نێوان هەرێم و بەغدا دەستبەكارنەبووەو هاوكات رەوەند مەلا مەحمود سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە لەلایەن یەكێتییەوە دانراوە، فەرمانی دەستبەكاربونی بۆ دەرنەكراوە!! هاوكات تائێستا قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆك وەزیران هیچ دەسەڵاتێكی بۆ شۆڕنەكراوەتە خوارەوەو ئەم پرسە گەیشتۆتە ئاستێك دەنگی لێوەبێت".

بڕیارە لەناوەڕاستی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كوركوك بكرێت. به‌پێی‌ قسه‌كانی‌ سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر " ئەگەر كورد نەتوانێ بەزووترین كات پارێزگارێك بۆ كەركوك دابنێت ئەوا زیانێكی ئێجگار بەدەنگی كورد دەگات لەو پارێزگایە، بەتایبەت ئەو قانونەی دەركراوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان، بەروونی رێگر دەبێت لەدەنگدانی دەیان هەزار كوردی كەركوك و رێخۆشكەر دەبێت بۆ دەنگدانی دەیان هەزار عەرەبی داگیركەر و هاوردە. هەروەك ئەو هەنگاوەی پارتی كە ئەمڕۆ كۆتاییان بەپرسی دانانی پارێزگاری كەركوك هێنا زیانێكی گەورەی بۆ یەكدەنگی كورد لە كەركوك دەبێت. لەوانەیە لەم چەند رۆژەی داهاتوو یەكێتی و پارتی لەهەولێر لەبارەی هەموو ئەو كێشانە كۆبونەوەیەك بكەن و ئەگەر هەیە یەكێتی هەڵوێستی توند بەرامبەر پارتی رابگەینێت".


AM:11:13:17/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 3816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت