بۆ جاری سێیه‌م دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری تەندروستی عیراق رەتکرایه‌وه‌

‌عادل عەبدولمەهدی و وەزیری تەندروستی عیراق

وێستگە نیوزـ
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ جاری سێیه‌م دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری تەندروستی کابینەکەی رەتکردەوە.


دوێنێ یەکشەممە عەلا عەلوان، وەزیری تەندروستی عیراق رایگەیاند: رۆژی 9ی ئەم مانگە نامەی دەست لەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی پێشکەشی سەرۆک وەزیرانی عیراق کردووە و ئەمڕۆش میدیا عیراقیەکان بڵاویان کردەوە سەرۆک وەزیران داواکەی عەلا عەلوان-ی قبووڵ نەکردووە.

ئەمە بۆ جاری سێیەمە وەزیری تەندروستی عیراق نامەی دەست لەکارکێشانەوە پێشکەش دەکات و لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە رەتدەکرێتەوە.

قەتیبە جبوری، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی بە ماڵپەڕی سۆمەریە نیوز-ی راگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدی دەست لەکارکێشانەوەی عەلا عەلوان-ی رەتکردووەتەوە و مۆڵەتێکی کراوەی پێداوە.

وتووشیەتی " ئەمە سێیەم جارە وەزیری تەندروستی عیراق نامەی دەست لەکارکێشانەوە پێشکەشی سەرۆک وەزیران دەکات بەهۆی ئەو فشارانەی لەسەری دروست دەکرێت لە پۆستەکەیدا".

قەتیبە جبوری، ئەوەشی وتووە، "دەستوەردانە سیاسی و بەرژەوەندیە حزبیەکان کە هەژموونیان بەسەر حکومەتی عیراقەوە هەیە بوونەتە هۆی دەستوەردان لە کارەکانی وەزیری تەندروستی عیراق".

ش. ر


AM:10:39:16/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 1756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت