فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک


وێستگە نیوز- 

ماوەی شەش رۆژە چالاکیەکانی حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک دەستپێکردووەو تا رۆژی دووشەممە 16 ی ئەم مانگە درێژەی دەبێت. 

فێستیڤاڵەکە رۆژی 9 ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی 120 میوان و  بەشداری چەندین ئەکتەر و دەرهێنەری کورد و عەرەب و  بیانی دەستیپێکرد. 

هەڵکەفت ئیدریس، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فێستیڤاڵ بە وێستگە نیوز-ی راگەیاند، فیلمی 74 وڵاتی سەرانسەری جیهان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن، کە 15 وڵاتی عەرەبی بەشدارن لەگەڵ چەندین فیلمی بیانی، زۆرترین فیلمیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێرانەوە بەشدارن بەتایبەت لە ژانری فیلمی درێژ. 

وتیشی، " لە سەرەتای راگەیاندنی فێستیڤاڵ هەزار فیلم بۆ فێستیڤاڵەکە نێردرا لە سەرانسەری جیهانەوە بەڵام بەپێی یاساو رێساکانی فێستیڤاڵ 74 فیلم هەڵبژێردران بۆ پرۆگرامی رۆژانەی فێستیڤاڵ".

ژانری فیلمەکانی ناو فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک بریتین لە فیلمی درێژ، فیلمی کورت، فیلمی دیکۆمێنتاری. 

بۆ پرۆگرامی  فێستیڤاڵ لە باکوری کوردستانەوە حەوت فیلم بەشدارە، لە رۆژئاوای کوردستان و وڵاتی سوریا چوار فیلم بەشدارە ، سێ فیلمیش لە خوارووی عێراقەوە هاتوون. 

هەڵکەفت ئیدریس ئەوەشی وت، ئەو 15 فیلمەی لە وڵاتە عەرەبیەکانەوە بەشدارن فیلمی ساڵی 
1997 هەتا ئەمساڵ لەخۆدەگرێت، واتە فیلمی کلاسیک و مۆدێرنیش ، دوو فیلمی زۆر دیاری  یوسف شاهین، ئەکتەری ناوداری عەرەب نمایش دەکرێن.  

رۆژانە فێستیڤاڵەکە 11ی بەیانی دەستپێدەکات لە سێ هۆڵی سینەمایی ناو دهۆک مۆڵ هەتا کاتژمێر 4 ی ئێوارە نمایشی فیلمەکان بەردەوامی دەبێت، دواتریش لە کاتژمێر 5 ی ئێوارەوە لە هۆڵی کۆنفرانس رۆژانە دوو فیلمی درێژی کوردی نمایش دەکرێن. 

دەربارەی  ئاستی بینەرانی ئەمساڵی فیلمەکان بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فێستیڤاڵ بە وێستگەی وت ، "ئەمساڵ زۆرترین بینەرمان هەیە لە هەر سێ هۆڵی نمایشی فیلمەکانی فێستیڤاڵ  زۆرجار شوێن نیە خەڵکەکە دابنیشن". 

هەڵکەفت ئیدریس ئاماژەی بەوەش کرد ستافی فێستیڤاڵ 80 کەسە ، 120 میوانی فەرمی باگهێشتی فێستیڤاڵ کراون و ، رۆژانەش 600 بۆ 700 بلیتی فیلمەکان دەفرۆشرێت. 

بلیتەکان بۆ یەک فیلمی درێژ بە سێ هەزار دینارە، یەک بۆکسی هەشت فیلمی کورتیش بە سێ هەزار دینارە، بلیتی سەرجەم فیلمەکانیش بۆ قوتابیان و کەسوکاری شەهیدان بێ بەرامبەرە. 

سەبارەت بە چالاکیەکانی کۆتا رۆژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک هەڵکەفت ئیدریس وتی، رۆژی دووشەممە 16 ی مانگ دوا رۆژی فێستیڤاڵە لەو رۆژەدا بەشێک لە فیلمەکان نمایش دەکرێنەوە ، لە کاتژمێر 5:30 ئێوارە بەشێک لە میوانان و هونەرمەندان و دەرهێنەر و ئەکتەرەکان بەسەر فەرشی سوردا تێدەپەڕن بۆ ماوەی نزیکەی دوو کاتژمێر ، دواتر وتاری کۆتایی فێستیڤاڵ دەخوێنرێتەوە ، لە کاتژمێر  7  تا 8  ی شەویش خەڵات بەسەر فیلمە سەرکەوتووەکاندا دابەش دەکرێت. 

لە فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک-دا 10 خەڵات هەیە بۆ هەرسێ جۆری فیلمی درێژ و کورت و دیکۆمێنتاری ، دوو خەڵاتی دیکەش دابەش دەکرێن بە ناوەکانی خەڵاتی یەڵماز گۆنای و خەڵاتێکیش کە  رێکخراوی رەخنەگرانی جیهانی سینەمایی دەیبەخشێت. 

هێمای  فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک  چڵە مێوی ئاڵتونیە و خەڵاتەکانیش هەر ئەو هێمایەیە ، بە وتەی هەڵکەفت ئیدریس هۆکاری ئەو هێمایە ئەوەیە شاری دهۆک بە داری مێو ناسراوە،  زیاتر لە 112 جۆری مێو لە پارێزگای دهۆک هەیە ئەوە بووەتە هێمایەک بۆ فێستیڤاڵەکە.

ش . ر


AM:12:14:15/09/2019


















































ئه‌م بابه‌ته 4668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو