قوباد تاڵەبانی: زۆریی توندڕەوی له‌ عیراق نەبوونی خزمەتگوزارییە سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانە

‌قوباد تاڵەبانی لە دیداری زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت

وێستگه‌ نیوزـ

لە دیداری زانكۆی ئەمریكی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند: زۆری یاخیبوون و توندڕەوی له‌ عیراق و ناوچەكە سەرچاوەكەی هەست بەپەراوێزخستن و نەبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی ژیانە، وتیشی پشتیوانی له‌ هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق دوپاتكرده‌وه‌ بۆ راستكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11ی ئەیلولی 2019، قوباد تاڵەبانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداریی لە دیداری زانكۆی ئەمریكی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان كرد و دۆخی ئێستای ناوچەكەی بۆ بەشدارانی دیداره‌كه‌ رونكردەوە.

قوباد تاڵه‌بانی رونیكرده‌وه‌: بەشی زۆری یاخیبوون و توندڕەوی عیراق و ناوچەكە سەرچاوەكەی هەست بەپەراوێزخستن و نەبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی ژیانە، وتیشی حومكڕانی تەندروست و رەشید حوكمڕانی باش و رەشید رێگر دەبێت لەپەلكێشان و تەشەنەكردنی تیرۆر و دەكرێت پێشی پێبگیڕێت.

جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم راشیگه‌یاند كه‌ پشتیوانی هەوڵەكانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەن بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی عیراق و راستكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوری هەمیشەیی بەركار لە عیراق. 

پێشتر سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: بەمەبەستی بەشداریكردن لە دیداری زانكۆی ئەمریكی لە بیروت، ئەمڕۆ 11ی ئەیلولی 2019، قوباد تاڵەبانی سەردانی لوبنانی كردوە، جگە لەوەش سەردانەكە هەندێ دیداری سیاسی و چالاكی تر لەخۆ دەگرێت. 

ئه‌مڕۆ سه‌میر ھه‌ورامی وته‌بێژی ره‌سمی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌، به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ دیداری زانكۆی ئه‌مریكی له‌ بەیروت، قوباد تاڵه‌بانی سه‌ردانی لوبنانی كردووه‌".

وتیشی‌: "له‌و دیداره‌دا قوباد تاڵه‌بانی وتارێك پێشكه‌ش ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ ته‌حه‌دداكانی به‌رده‌م ھه‌رێمی كوردستان و عیراق له‌رووی ئه‌منی و ئابورییه‌وه‌ و گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و هاوكات چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌دات".

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11ی ئه‌یلولی 2019، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی سازكرد، به‌ڵام به‌هۆی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ لوبنان، قوباد تاڵه‌بانی ئاماده‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ نه‌بوو.


PM:09:34:11/09/2019








ئه‌م بابه‌ته 444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت