لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ باره‌ی یه‌كلیستی بۆ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌

‌خەسرۆ گۆران

وێستگه‌ نیوز ـ
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا تەواوی حزبە كوردستانییەكان كۆبوونەوەیەكی هاوبەش سەبارەت بە یەكلیستی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام دەدەن.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند، "هەفتەی داهاتوو، 16ی ئەم مانگە دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە سكاڵاكەمان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەڕێوە دەچێت و، ئومێدەوارین بڕیارەكە لە قازانجی دەنگدەران بێت".

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان راشیگەیاند: "دوای دانیشتنی دادگای فیدراڵی، ئێمە خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكەین".

لایەنە كوردستانییەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە هەوڵدان بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن و بچنە كێبڕكێ لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە بۆ ئەوەی ببنە لیستی گەورە و بتوانن كورسیی زیاتر بە دەست بهێنن.

لەبارەی هەنگاو و هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەم پرسە، خەسرۆ گۆران وتی: "رۆژی دووشەممە لەگەڵ یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان كۆبووینەوە و، بڕیارە پەیوەندی بە لایەنەكانی دیكەوە بكەین و دوای چەند رۆژێكی تریش كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی تەواوی حزبە كوردستانییەكان سەبارەت بەو پرسە ئەنجام دەدەین، چونكە یەكلیستی زۆر گرنگە و چەندە كورد یەكگرتوو بێت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەوا دەستكەوتی زیاتر بەدەست ده‌هێنێت".

پێشتر حزبه‌ كوردستانییه‌كان جگە لە پارتی و نەوەی نوێ، لە بارەگای حزبی شیوعی عیراق لە کەرکوک کۆبوونەوەو بڕیاردرا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کورد بە یەک لیست بەشداری بکات و ناوی لیستەکەش کەرکوکی کوردستانی دەبێت.


PM:02:11:11/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 1964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت