سەرجەم گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی بەریتانیا هەڵوەشێنرایەوە

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگە نیوز ـ

کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی بەریتانیا، ئەمڕۆ دووشەممە سەرجەم گەشتە ئاسمانیەکانی بەهۆی مانگرتنی فڕۆکەوانەکانی هێڵەکە هەڵوەشاندەوە.


مانگرتنەکە 48 کاتژمێر دەخایەنێت و ئەمڕۆ و سبەی بەردەوام دەبێت، بەهۆیەوە گەشتی دەیان هەزار گەشتیار رادەگیرێت.

ئەم مانگرتنەی فرۆکەوانەکانی هێڵەکە بەهۆی ناکۆکی و داواکاریانە سەبارەت بە کرێی کارەکانیان و داوا لە کۆمپانیاکە دەکەن بەشێک لە قازانجی گەشتەکانی هێڵەکەیان لەگەڵ بەشبکات، کۆمپانیاکەش رایگەیاندووە جگە لە راگرتنی گەشتەکان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نیە.

پێشتر یەکێتی فڕۆکەوانەکانی هێڵی ئاسمانی بەریتانیا هۆشداری بە کۆمپانیاکە دابوو کە فڕۆکەوانەکانی لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بۆ ماوەی سێ رۆژ ماندەگرن.

مانگرتنی فڕۆکەوانەکانی هێڵەکە ئەمڕۆو سبەی دەگرێتەوەو بڕیاروایە هەر لەم مانگەدا و رۆژی 27 ی مانگی ئەیلول مانگرتنێکی دیکە لەلایەن فڕۆکەوانەکانەوە رابگەیەنرێت.  

یەکێتی فڕۆکەوانەکان رایگەیاندووە پێویستە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی بەریتانیا بەشێک لەو قازانجەی دەستیدەکەوێت لەگەڵ فڕۆکەوانەکانی هێڵەکە بەشیبکات، کۆمپانیاکەش لە وەڵامدا وتوویەتی "مانگرتنەکە هیچ بیانوویەکی نیە چونکە ئەو کرێیەی بە فڕۆکەوانەکانی هێڵەکەی دەدات دادوەرانەیە".

مانگرتنی فڕۆکەوانەکان کاریگەری لەسەر ئەنجامدانی سەدان گەشتی هێڵی ئاسمانی بەریتانیا دەبێت، 850 گەشتی رۆژانەی کۆمپانیاکە دەوەستن کە زۆربەیان لە فڕۆکەخانەی هیسرۆ و گاتویک لە لەندەنەوە ئەنجام دەدرێن.

لەلایەکی دیکەوە وتەبێژێکیش لە زاری بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە داوای لە هەردوو لایەنەکە کردووە کۆتایی بە کێشە و ناکۆکیەکانیان بهێنن.

ش . ر


AM:11:41:09/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 1552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت