ئێران هەڕەشە دەکات


وێستگە نیوز- 

کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی گرتنەبەری هەنگاوی سێیەمی پابەندنەبوونی وڵاتەکەی بە رێککەوتنی ئەتۆمی دەکات و لە زاری وەزارەتی دەرەوەوە رایدەگەیەنێت " ئامادەیە بۆ جێبەجێکردن" . 

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئێران "ئیرنا" عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر هەنگاوە دیبلۆماسیەکان سەرکەوتووبن وڵاتەکەی دەست لە جێبەجێکردنی هەنگاوی سێیەم هەڵدەگرێت.

عەباس موسەوی وتووشیەتی، "لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرفەتی دیبلۆماسی و گفتوگۆی بە لایەنەکان بەخشیوە و چاوەڕێی پابەندی لایەکانە بە چوارچێوەی رێککەوتنەکەوە بەڵام هەنگاوی سێیەمیش کە بریتیە لە کەمترکردنەوەی پابەندی ئێران بە رێیککەوتنەوەکەوە ئامادەیە. 

موسەوی راشیگەیاندووە، هەنگاوی سێیەمی ئێران ئامادەیە و قورستریشە لە هەنگاوی یەکەم و دووەمی ئێران و ئەمەش بە ئامانجی دۆزینەوەی باڵانسێکە لە نێوان ماف و ئەرکەکانی ئێران بەرامبەر رێککەوتنە ئەتۆمیەکە. 

پێشتریش رۆژی یەکشەممە، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو دەکرێ ئێران لە جێبەجێکردنی هەنگاوی سێیەم دەست هەڵبگرێت ئەگەر وڵاتانی ئەوروپی هەنگاوی پێویست بنێنن بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان سەبارەت بە رێککەوتنە ئەتۆمیەکە. 

جێی ئاماژەیە لە چەند هەفتەی پێشوودا کۆماری ئیسلامی ئێران کەمکردنەوەی پابەندبوونی بە رێککەوتنەکەوە راگەیاندبوو، کاتێک ئاشکرای کرد پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەیەک زیاد دەکات کە ئەو رێژەیە تێدەپەرێنێت کە لە رێککەوتنە ئەتۆمیەکەدا ئاماژەی پێدراوە. 


ش . ر 


PM:01:03:02/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 3580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو