كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ: زیاتر له‌ 2 هه‌زار و 500 كه‌س به‌ روداوی هاتوچۆ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق ئاشكرایكرد كه‌ له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا زیاترله‌ 2 هه‌زار و 500 كه‌س له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق به‌هۆی روداوه‌كانی هاتوچۆوه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.


فازل غه‌راوی، ئه‌ندامی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌ زیادبونی روداوه‌كانی هاتوچۆ له‌ عیراق كردوه‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ نه‌بونی پێدوایستییه‌كانی سه‌لامه‌تی له‌ ئۆتۆمبیل و كۆنیی رێگاكان گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌.

به‌وته‌ی غه‌راوی له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی عیراق به‌هۆی روداوی هاتوچۆوه‌ 21 هه‌زار كه‌س برینداربوون و 2 هه‌زار و 500ی دیكه‌ش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

داواشی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هاتوچۆی عیراق كردوه‌ چاودێریی ئۆتۆمبیلی هاورده‌كراو و ته‌مه‌نی شۆفێران بكات و سزای دارایی زۆر بۆ سه‌رپێچیكاران ببڕێته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق به‌پێویستی زانیوه‌ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی عیراق رێگاوبانه‌كان نۆژه‌ن بكاته‌وه‌ و هۆكاره‌كانی سه‌لامه‌تیی تێدا دابنێت تا چیتر گیانی هاوڵاتیان به‌ روداوی هاتوچۆ له‌ده‌ست نه‌درێت.


PM:06:50:19/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 1524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت