پسپۆڕێكی خۆراك له‌ باره‌ی شووتی پێنجوێنه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ

پسپۆڕێكی خۆراك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی روونكردنەوە لەسەر بەكارهێنانی ماده‌ی كیمیایی بۆ بەرهەمی شوتی ده‌دات و بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدۆییەش كە گوایە ئەو مادەیە كاریگەری خراپی بۆسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، به‌ هه‌وڵێك بۆ لاواز كردنی به‌رهه‌می ناوخۆ ده‌داته‌ قه‌ڵه‌م.


لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراك و سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و خۆراك لەبەشی پشكنین و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لە روونكردنەوەیەكدا كە لەئەكاونتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردوه‌تەوە، ده‌ڵێت: "بەكارهێنانی ماده‌ی كیمیایی (Potassium Humate, Humic Acid) بۆ شوتی، هیچ كاریگەرییەكی لەسەر تەندروستی مرۆڤ نییە".

ئه‌و پسپۆڕه‌ی خۆراكه‌ ده‌شڵێت: "(Potassium Humate) بەرهەمێكی باوە كە كۆمەڵێك توخمی تیادایە بۆ زیادكردنی توانای بەپیتی خاك و زیادكردنی ئەو مادە خۆراكیانەی ناو خاكەكە كە بەكاردێت، ئەمەش دەبێتەهۆی زیادكردن و گەشەكردنی میوەكەو بەكاردێت بۆ لابردنی كاریگەری خراپی ئەو مادە كیمیاییانەی كە لە خاكدا هەیە، یان ئەو مادە كیمیاییە خراپانەی بەكاردێن بۆ خاكەكە، ئەو مادەیە ئایۆنەكان هەڵدەگرێت و بە ئاسانی دەیگوێزێتەوە بۆ رووەك لە رێگەی رەگەكەیەوە، وا لە خاكەكە دەكات بەئاسانی سوود لەو پەینە كیمیاییە وەربگرێت كە بە خاكەكەوە كراوە".

وه‌ك ئه‌و پسپۆڕه‌ ئاماژه‌ی پێكردووه‌، "مادەی (Potassium Humate) ئیشی باشكردن و شیكردنەوە و فشەڵكردنی خاك دەكات و توخمە سودبەخشەكان لەخاكدا زیاد دەكات، كە ئەمەش كاردەكاتە سەر زیادكردنی بەروبووم، هەروەها بەكاردێت بۆ نەهێشتن یان كەمكردنەوەی ئەو كاریگەرییە لاوەكیانەی لەپەینە كیمیایی و مادە كیمیاییەكانی تر كە لەسەر خاكەكە دروستی دەكەن، پۆتاسیۆم كاردەكات بۆ بەهێزكردنی توانای گلدانەوەی ئاوی زیاد كە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو ئاوە كەمتر بەفیڕۆ بڕوات، و هەمیشە زەوییەكەی تێرئاو بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تۆوەكان لە نەخۆشی دووربێت و بەرهەمی شوتیەكە زیاد بكات و یارمەتی گەشەی دەدات، هەروەها دەبێتە هۆی زیادبوونی پڕۆتین و كانزاكان و دروستكردنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ گەشەكردنی بەهەمی شوتی".

له‌شكر حه‌مید ئه‌وه‌شی باسكردووه‌، "لەجیهاندا بەكارهێنانی ئەو جۆرە مەوادە رێگەپێدراوە، بەپێی چەند توێژینەوەیەك كە لە ساڵەكانی 2005 و 2006 ئەنجامدراوە بەمەرجێك بەپێی ستانداردو رێژەی دبیاریكراو بەكاربهێنرێت".

راشیگەیاندووە، "هیچ سەرچاوەیەك باسی كاریگەری خراپ و لاوەكی نەكردووە، بە پێی ئەو توێژینەوتانەی ئەنجامدراوە بە مەرجێك بە پێی رێنمایی و رێژەی دیاریكراو بەكاربێت، بۆیە بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدۆییە كە گوایە ئەو مادەیە كاریگەری خراپی بۆسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، هیچ بنەمایەكی زانستی نییەو تەنها بۆ لاوازكردنی بەروبوومی ناوخۆییە كە بەدڵنیاییەوە هەموو كات بەروبوومی ناوخۆیی باشترە لەهاوردەكراو".

له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ڤیدیۆیه‌ك بڵاوبوه‌وه‌ كه‌ هاوڵاتییه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ "بەرهەمی شوتی بە دەرمان و بە ماوەی 20 رۆژ پێدەگەیەندرێت و زیانێكی زۆری بۆ تەندروستی هاوڵاتیان هەیە".

ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی هاوڵاتییانی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵاتییه‌كان لێكه‌وته‌وه‌ و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش له‌ رێگه‌ی وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌و باره‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌.

هــ. ر


AM:09:50:18/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 2760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو