"پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ده‌كه‌ینه‌ یاسایی و حكومه‌ت ده‌بێت بیداته‌وه‌"


وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پڕۆژه‌یاسایه‌كی بۆ به‌ یاسایی كردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌و دانه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كردووه‌ و په‌رله‌مانتارێكی ئه‌و فراكسیۆنه‌ش روونكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌دات.

لوقمان وه‌ردی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: پڕۆژە یاسایەكیان لەبارەی دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ گەڕانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان به‌ واژووی 21 په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنه‌كه‌یان پێشكەش كردووە و چاوەڕوان دەكەن لە دەستپێكردنەوەی وەرزی یاساداناندا لە سەرەتای مانگی داهاتوو، بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە.

وتیشی: "لە یاساكە هەوڵمان داوە رێگاچارەیەك دابنرێت بۆ دانەوەی قەرزەكان بە بڕێكی دیاریكراوی مانگانە و لە هەمان كاتدا دیاریكردن و بڕینی ئەو پارەیەی هاوڵاتی قەرزاری حكومەتە لە مووچە پاشەكەوتكراوەكان".

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، ئەو پڕۆژە یاسایە رەهەندی دارایی هەیە، دەبێت لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بەپێی باشبوونی رەوشی دارایی، میكانیزمێكی گونجاو بۆ دانەوەی پاشەكەوتەكە دیاری بكرێت، چونكە تەنگژەی دارایی تێپەڕێنراوە و ئێستا بەغدا بەشێکی مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەست بە گەڕانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان بكات.

لە سێ‌ ساڵی رابردوو بەهۆی پاشەكەوتی مووچە و درەنگ دابەشكردنی مووچە، مووچەی بەشێك لە فەرمانبەران لای حكومەت ماوە و بەشێکی مووچەکەیان پاشەکەوتکراوە.


PM:12:30:17/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 11664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو