سه‌رۆك كۆماری عیراق: پێویسته‌ پشتیوانی له‌ حكومه‌ت بكرێت بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كه‌ی

‌د.بەرهەم ساڵح و عەمار حەکیم

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌پێویستی زانی پشتیوانی له‌ حكومه‌تی به‌غدا بكرێت تا به‌رنامه‌ حكومییه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 16ی ئابی 2019، د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق چاوی به‌ عه‌ممار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ كه‌وت و وێڕای تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی و ئه‌منی، سه‌رۆك كۆماری جه‌ختی له‌سه‌ر پشتیوانیكردنی حكومه‌تی به‌غدا كرده‌وه‌ تا حكومه‌ت بتوانێت كاره‌كانی ناو به‌رنامه‌ حكومییه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات.

له‌ دیداره‌كه‌دا د.به‌رهه‌م ساڵح رایگه‌یاندوه‌، ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی عیراق له‌سه‌ر ئاستی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری له‌ناوخۆی وڵات و گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌ روبه‌ڕوی بوه‌ته‌وه‌، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاسایشی و ئۆقره‌یی وڵات كردوه‌.

جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ به‌ گیانی ته‌بایی و كاری هاوبه‌شی نیشتمانی ده‌كرێت، جا ئه‌و كاره‌ هاوبه‌شه‌ له‌ناو حكومه‌ت یان ده‌ره‌وه‌ی بێت، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی عیراقه‌.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ هیوای خواستوه‌ قۆناغی داعاتوو، بنیاندانی دامه‌زراوه‌ی هاوچه‌رخی ده‌وڵه‌ت به‌خۆوه‌ ببینێت كه‌ له‌ ئاست خواسته‌كانی گه‌لی عیراق و سیستمی دیموكراسیدا بێت.


PM:10:32:16/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 3500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت