شاخه‌وان عه‌بدوڵا: مەترسی هەیە چەند ناوچەیەكی كەركووك بكەونەوە دەست داعش

‌دیمەنێک لە شاری کەرکوک.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی پارێزگای كه‌ركوك رایده‌گه‌یه‌نێت، داعش بووەتە مەترسییەكی جیددی بۆ سەر كەركوك و ئەگەر چارەسەری ئەو دۆخە نەكرێت، جارێكی دیكە حەویجە و چەند ناوچەیەكی دیكە دەكەونەوە دەست داعش، چونكە هێزە عیراقییەكان و حەشدی شەعبی تەنها پارێزگاری لە خۆیان دەكەن.


شاخه‌وان عه‌بدوڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و نوێنەری ئه‌و پارێزگایه‌ لە خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق، به‌ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند: داعش لە سنووری كەركوك بەهێزە و نەڕووخاوە و لە دوای هێرشی عیراقیش بۆ سنووری حەویجە پێش 16ی ئۆكتۆبەر، هیچ تەرمێكی داعش نەبیندرا و وەك خۆیان ماون لە ناوچەكەدا و بەشێكیشیان لەناو ئاوارەكان خۆیان حەشار دابوو، كە تا ئێستاش ئاوارەكان هەر ماون، بۆیە داعش لە ناوچەكە بەهێز بووە و هەر وەك خۆیشی ماوە.

وه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پێشووی پارتی ئاماژه‌ی پێداوه‌ "ئەگەر چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخە نەدۆزرێتەوە، سیناریۆی 2005 و 2006 و 2007 و 2008 دووبارە دەبێتەوە، چونكە هێزە عیراقییەكان و حەشدی شەعبی تەنها سەنگەرەكانی خۆیان دەپارێزن و شەقام و كۆڵانەكان بە دەست داعشەوەن، بۆیە مەترسی هەیە جارێكی دیكە حەویجە و ریاز و رەشاد بكەونەوە دەست داعش و حكومەت هیچ دەسەڵاتێكی نامێنێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، جگە لە دەرەوەی شار، مەترسیی داعش بۆ ناو كەركووكیش هەیە، چونكە ئەو دیوارەی پێشتر پێشمەرگە لە دەرەوەی شار دروستی كردبوو، ئێستا نەماوە و رێگا بۆ داعش خۆش بووە بێنە ناو كەركوك و خەڵكی خۆیشیان لەناو ئیدارە و هێزە ئەمنییەكانی ئەو شارەدا هەیە.

له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كشانه‌وه‌ و هێزه‌كانی سوپای عیراق و حه‌شدی شه‌عبی جێگه‌یان گرتنه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ش هێرشه‌كانی داعش زیادیان كردووه‌.
 


PM:01:49:14/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 2064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو