دیوێكی دیكه‌ی یاریگای كه‌ربه‌لا


وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌م به‌ چاوی فرمێسكه‌وه‌ "سڵاوی نیشتمانی"ی كرد و ئه‌وانی دیكه‌ش به‌ "له‌ش و لار"ی خانمه‌ ژه‌نیاره‌ لوبنانییه‌كه‌ی ناو یاریگای كه‌ربه‌لاوه‌ خه‌ریك بوون.

جویل سه‌عاده‌، خانمه‌ ژه‌نیاره‌ لوبنانییه‌كه‌ی ناو یاریگای كه‌ربه‌لا تاكه‌ كه‌س نه‌بوو كه‌ ئاماده‌بوانی ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی پاڵه‌وانێتیی خۆرئاوای ئاسیا له‌ شاری كه‌ربه‌لا پێوه‌ی سه‌رقاڵ بوون، به‌ڵكو فرمێسكه‌كانی هاوڵاتییه‌كی عیراقیش له‌كاتی ژه‌نینی سرودی نیشتمانیی عیراق بووه‌ مایه‌ی سه‌رنجی هاوڵاتیان.

وێنه‌ی پیاوێكی عیراقی له‌نێو ئاپۆڕای ئاماده‌بوانی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌، چالاكوانانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی چالاكتر كرده‌وه‌ و ده‌ستاوده‌ستێكی زۆریان به‌ وێنه‌كه‌ی كرد.

چالاكوانان ده‌ڵێن فرمێسكه‌كانی ئه‌و پیاوه‌ له‌گه‌ڵ ژه‌نینی سرودی نیشتمانیی عیراق له‌لایه‌ن جویل سه‌عاده‌-ی خانمه‌ ژه‌نیاری لوبنانی، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ هێشتا عیراقییه‌ ماندووه‌كانی دەستی ئەم دۆخە نالەبارەی وڵات، شانازی به‌ رۆح و ئینتیمای نیشتمانیی خۆیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

رۆژنامه‌نوس و چالاكوانێكی سیاسیی عیراق به‌ناوی ئه‌حمه‌د عه‌بدولحسێن پۆستێكی بەم ناونیشانە كردوه‌: "له‌نێوان پیاوه‌ فرمێسک له‌چاوه‌كه‌ و كاردانه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌تداران و پیاوانی ئایینی له‌سه‌ر شكاندنی پیرۆزییه‌كان به‌ كه‌مانچه‌كه‌ی جویل" .

چالاكوانه‌كه‌ ده‌ڵێت"هه‌ر به‌ ڕیشی دا دیاره‌ ئه‌م پیاوه‌ پابه‌نده‌ به‌ ئایینه‌وه‌، له‌وانه‌شه‌ دوای سه‌ردانی مه‌زاری ئیمام حسێن هاتبێت بۆ یاریگای كه‌ربه‌لا، به‌ روخساریدا دیاره‌ پیاوێكی باش و به‌ ڕه‌وشته‌، به‌ روخساره‌ ماندووه‌كه‌شیدا دیاره‌ زۆر له‌ ناو كوشت و بڕ و شه‌ڕ و نه‌هامه‌تییه‌كانی عیراقدا ژیاوه‌، به‌ جل و به‌رگه‌ ساکارەکەشیدا دیاره‌ كه‌ پیاوێکی هه‌ژاره‌، به‌ سڵاوه‌كه‌شیدا بۆ سرودی نیشتمانی عیراق، دیاره‌ پێشتر سه‌رباز بووه‌ و به‌رگه‌ی ئه‌م عیراقه‌ی گرتوه‌ كه‌ بە هەڵگیرسانی جه‌نگێكی نوێ لە جەنگی پێشوو رزگاری بووە، به‌ فرمێسكه‌كانیشیدا دیاره‌ عاشقی نیشتمانه‌كه‌یه‌تی".

چالاكوانه‌ سیاسییه‌كه‌ به‌ توانجێك بۆ به‌رپرسان له‌سه‌ر ئه‌و هاوڵاتییه‌ عیراقییه‌ نوسیویه‌تی: "وێنه‌كه‌ ده‌ریده‌خات ئه‌م پیاوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عیراق نه‌بووه‌ و نه‌ موچه‌ ملیۆنییه‌كه‌ی موجاهدین و نه‌ موچه‌ی پەنابەریشی هه‌یه‌، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌وه‌ی کە هه‌یه‌تی، ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌یه کە بۆ عیراق هەیەتی، ئەو عیراقیە کە جگه‌لە له‌ پیری و ماندوێتی و جلێكی ساكار، هیچی دیكه‌ی پێ نه‌به‌خشیوه‌".

له‌ كۆتایی نوسینه‌كه‌شیدا رۆژنامه‌وان و چالاكوانه‌ سیاسییه‌كه‌ی عیراق وتویه‌تی: "ئاگادارم هه‌ندێك له‌ گه‌وره‌ سیاسه‌تمه‌دار و پیاوانی ئایینی كه‌ موچه‌ی موجاهید و په‌نابه‌ریان هه‌یه‌، له‌كاتی ژه‌نینی سرودی نیشتمانی عیراق چاویان له‌ جه‌سته‌ی كه‌مانچه‌ژه‌نه‌ جوانه‌ لوبنانییه‌كه‌ بڕیبوو، خانمه‌کەش سردوی نیشتمانێكی بۆ ئەوان ده‌ژه‌نی كه‌ ئه‌وان خۆشناوێت."


AM:09:44:07/08/2019










ئه‌م بابه‌ته 2092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو