یه‌ك كوپ قاوه 950 یۆرۆی تێچوو
پردی ریالتۆ له شاری ڤێنیسیا
وێستگه نیوزـ
دوو گه‌شتیاری ئه‌ڵمانی له‌ژێر پردێكی شاری ڤێنیسیا-ی ئیتالیا كوپێك قاوه‌یان ئاماده‌كرد، به‌ڵام نه‌یانزای بۆیان ده‌بێت به به‌ڵا و وێڕای غه‌رامه‌یه‌كی زۆر، له شاره‌كه‌ش ده‌رده‌كرێن.
دوو گه‌شتیاره ئه‌ڵمانییه‌كه له‌ژێر پردی ریالتۆ له شاری ڤێنیسیا له‌سه‌ر سێپایه‌كی بچوك چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بوون قاوه‌كه‌یان ئاماده بێت، به‌ڵام دانیشتویه‌كی ناوچه‌كه پۆلیسی لێ ئاگادار كردنه‌وه و پۆلیس هاتنه سه‌ریان.
پۆلیسی ئیتالیا هه‌ردوو گه‌شتیاره ئه‌ڵمانییه‌كه‌ی به تۆمه‌تی ره‌فتاری نه‌شیاو ده‌ستبه‌سه‌ركرد و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌بڕی 950 یۆرۆش غه‌رامه‌ی كردن، راسته‌وخۆش له شاره‌كه ده‌ریكردن و ره‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیای كردنه‌وه.
له‌مانگی ئایاری رابردووه، ئیتالیا یاسای ره‌وانه‌كردنه‌وه‌ی گه‌شتیاری سه‌رپێچیكاری خستوه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و به‌پێی یاساكه هه‌ر كه‌سێكی بیانی له‌و وڵاته سه‌رپێچی له یاسا و رێساكان بكات، غه‌رامه‌ی ده‌كات و ره‌وانه‌ی وڵاته‌كانیان ده‌كاته‌وه، له‌وكاته‌شه‌وه 40 جار یاساكه به‌سه‌ر گه‌شتیاراندا جێبه‌جێ كراوه.
لویجی پرۆنیارۆ، سه‌رۆكی شاره‌وانیی شاری ڤێنیسیا سه‌باره‌ت به ناردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو گه‌شتیاره ئه‌ڵمانییه له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندوه: ئه‌و كه‌سانه‌ی دێنه ڤێنسیا و له‌وباوه‌ڕه‌دان چیان به خه‌یاڵدا بێت ده‌یكه‌ن، ده‌بێت بزانن كه بۆیان ناچێته‌سه‌ر و پۆلیسی ناوخۆیی ده‌گاته سه‌ریانه و غه‌رامه‌یان ده‌كات و ره‌وانه‌ی وڵاته‌كانیشیان ده‌كاته‌وه.
دانیشتوانی ڤێنیسیا ته‌نها 55 هه‌زار كه‌سه، به‌ڵام ساڵانه 30 ملیۆن گه‌شتیار سه‌ردانی ئه‌و شاره ده‌كه‌ن، بۆ پاراستنی شاره‌كه‌ش پێویسته گه‌شتیار ره‌فتاری باش بێت و پاكوخاوێنی بپارێزێت و له نافوره‌كاندا خۆیان ته‌ڕ نه‌كه‌ن و به سنگی روت نه‌گه‌ڕێن، به‌پێچه‌وانه‌وه غه‌رامه ده‌كرێن و له‌وشاره ده‌رده‌كرێن.
PM:04:10:21/07/2019
ئه‌م بابه‌ته 2744
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت