شاسوار عەبدولواحید: ئاڵای کوردستان مەترسی نییە بۆ سەرهیچ لایەنێک

‌شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

 وێستگە نیوز-
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ٩ گەشتیارە کوردەکە لە تورکیا دەکات.

کەمێک لەمەوبەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر لەسەر دەستگیرکردنی ٩ گەشتیارە کوردەکەی هەرێمی کوردستان لە تورکیا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە.

شاسوار عەبدولواحید رایگەیاندوە "داوای دەستبەجێ ئازادکردنی گەشتیارە کوردەکانی هەرێم دەکەین لە تورکیا".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشداوە "ئاڵای کوردستان هەرەشە نییە بۆ سەر هیچ کەس و وڵاتێک،بە تایبەت وڵاتێک ئەگەر خۆی بە وڵاتێکی گەشتیاری بزانیت ئەوا دەبێت کراوە بێت بە روی هەموواندا".

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی پێنجشەممە لە شاری ترابزۆنی توركیا دوای ئەوەی ژمارەیەك گەشتیاری هەرێم ویستبوویان بە ئاڵای كوردستانەوە وێنە بگرن، لەلایەن توركە رەگەزپەرەستەكانەوە بە توندی هێرشیان كرابووەسەر و لێیان درابوو و دواتریش ٩ لە گەشتیارە کوردەکان دەستگیرکران لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە و تا ئێستاش لە زیندانن و هەروەها ٤١ گەشتیارەکەی دیکەش سەرجەمیان دیپۆرتی هەرێمی کوردستان کرانەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستانیش راگەیاندراوێکی لەسەر ئەو روداوە بڵاوکردەوە بەڵام روداوەکەی ئیدانە نەکرد تەنها نیگەرانی سەرۆکی حکومەتی راگەیاند و وتیشی "لەهەوڵی ئازادکردنی ٩ گەشتیارە کوردەکەداین".

هــ. ب



PM:04:24:19/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 3440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت