ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی نوێی دارایی هه‌رێم یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجامدا

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری نوێی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجامدا و بڕیاردرا لە هەفتەی داهاتوو كارنامەی وەزارەته‌كه‌ گەڵاڵه‌ بكرێت و بەرز بكرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.


به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی ته‌مموزی 2019، بەسەرپەرشتی ئاوات جەناب نوری، وەزیری نوێی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، لە دیوانی وەزارەت یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوەچوو.

هه‌روه‌ك هاتووه‌، لەسەرەتای كۆبوونەوەكە، وەزیری دارایی و ئابووری، سەبارەت بە "هێلە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان" روونكردنەوەی پێویستی بۆ ئامادەبووان دا و رایگەیاند: "پێویستە وەزارەتمان خاڵە پەیوەندیدارەكانی ئەو بەرنامەیە بكاتە چوارچێوەی گشتی كاری داهاتووی خۆی، ئامادەكردنی و ناردنی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی پەسەند كردن".

هه‌روه‌ك هاتووه‌، لە میانی كۆبوونەوەكەدا ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت راو سەرەنجی خۆیان لەسەر تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە و كارنامەكە خستەڕوو، بڕیاردرا لە هەفتەی داهاتوو كارنامەی وەزارەت گه‌ڵاڵە بكرێ و بەرز بكرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.

هــ. ر


PM:02:50:18/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 9400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو