وردەكاری رووداوەكەی هەولێر

‌ئەو رێستۆرانتەی دوێنێ رووداوەکەی لێ روودا

وێستگە نیوز ـ

كه‌ناڵی رووداو، زانیاری نوێ له‌سه‌ر هێرشبه‌ره‌كانی دوێنێی هه‌ولێر و كوژرانی دیبلۆماتکارەکەی تورکیا و دوو هاوڵاتییەکەی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو و رایدەگەیەنێت، له‌ ڤیدیۆكانی ژێر ده‌ستی ئاسایشدا ته‌قه‌ كه‌ره‌كان به‌ته‌واوی ده‌رده‌كه‌ون.  


كه‌ناڵی رووداو له‌ هه‌واڵێكیدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: "ئەو ناوچەیەی كە رووداوی تەقەكردنەكەی رۆژی چوارشەممەی تیادا روویدا، یەكێك لە ناوچە جوان و بێدەنگ و ئارام و ئاستبەرزەكانی هەولێرە، ناوچەیەكە كافتریای جوان، خواردنگە و چێشتخانەی پێشكەوتوو و كوالێتی بەرزی لێیە، بۆیە دیپلۆمات، كارمەندانی كۆمپانیا بیانییەكان و خاوەنكاران ئەو ناوچەیان كردووەتە شوێنی پشوودان و بەردەوام لە چێشخانەكانی ئەوێ نان دەخۆن، بەڵام ئەوە یەكەم رووداوی تەقەكردنە لەو دەوروبەرە و یەكەم هێرشی بەوشێوەیە لە هەولێر رووبدات. بۆیە تەقەكەرەكان بە پلان شوێنی رووداوەكەیان هەڵبژاردووە، رەنگە چەند رۆژ پێشتریش ئامادەكارییان بۆ كردبێت".

ئه‌وه‌شی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌: "كاتژمێر 11:30 سێ كەس بە ئۆتۆمبێلێكی تۆیۆتا یارس دێن و بەرامبەر ئەو كافتریایەی جێگری كونسووڵی توركیای لێدانیشتووە، رادەوەستن، دواتر هەندێك بەو دەوروبەرەدا دەسووڕێنەوە، شوێنەكە بەجێدەهێڵن و دوای نیو كاژێر دەگەڕێنەوە، ئەمجارە دەچنە ژوورەوەو یەكێكیان لە مێزی تەنیشت جێگری كونسووڵ دادەنیشێ و ئەوانیدیكەش لەوبەرەوە، وا خۆیان پیشاندەدەن هەموو شت ئاساییە و وەك هەموو ئەوانەی لەوێن داوای ئاو و چا و قاوە دەكەن".

به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌، "زۆر بە وردی لە دەوروبەری خۆیان دەڕوانن و دەیانەوێ لە هەموو شت دڵنیا بن، هەندێك كات تێدەپەڕێ و دیپلۆماتە توركەكە دەیەوێت بڕوا، لەوكاتەی كە دەیەوێت پارە بدات، یەكێك لە تەقەكەرەكان هەڵدەستێ و دەمانچەیەكی بێدەنگ دەردێنێ و فیشەكێك دەنێ بە سەری جێگری كونسووڵەوە، دەستبەجێ گیان لەدەستدەدا".

راشیگه‌یاندووه‌: "هەموو ئەوانەی كە لەوێن خۆیان دەخەنە سەر زەوی، تەنیا دوو كەس نەبێ. ئەو دوو هاونیشتمانییە گەنجەی كە لە رووداوەكە گیانیان لەدەستدا، هەردووكیان دەیانەوێ هەستنە سەرپێ. بەڵام دیار نییە دەیانەوێ پەلاماری تەقەكەرە بدەن، یان دەیانەوێ دووركەونەوە، لەكاتی هەستانەوەی ئەوان، یەكێكی دیكە لە تەقەكەرەكان كە وادیارە پاسەوانی تەقەكەری سەرەكی دەكات، دەمانچە بێدەنگەكەی دەردێنێ و چەند فیشەكێك بە هەردووكیانەوە دەنێت، پاش ئەوە هاوەڵی جێگری كونسووڵ كە لەسەر زەوی راكشاوە، دەستدەكاتە تەقە و تەقەكەرەكانیش هەڵدێن، یەكیان لە نزیك دەرگای كافتریاكە بریندار دەبێ و بە شەلە شەل رادەكاتە دەرەوە، لە چوونە دەرەوە دەگەنە دوو كەسی دیكە، بەڵام هیچ ناكەن و سواری ئۆتۆمبێلەكەیان دەبن و زۆر بەخێرایی شوێنەكە بەجێدێڵن".

هه‌روه‌ك هەموو ئەوانەی لەوێن وادەزانن رووداوێكی ئاساییە، بەڵام كە ئاسایشی ناوچەكە دەچنە سەر كوژراوەكان و تەماشای ناسنامەكەنیان دەكەن، دەردەكەوێ یەكێك لە كوژراوەكان یەكێك لە جێگرەكانی كونسووڵی توركیایە لە هەولێر. لە كامێراكانی چاودێری دەمووچاوی تەقەكەرەكان دیارە، بەڵام دەركەوتووە ژمارەی ئۆتۆمبێلەكە ساختەیە و راست نییە".




PM:01:52:18/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 24160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو