نەخشە ڕێگایەك بۆ یەك ڕیزی كورد ئامادە دەكرێت


وێستگە نیوز-

28 لایەنی ڕۆژئاوای كوردستان نەخشە ڕێگایەك ئامادە دەكەن بۆ یەك ڕیزی كورد و بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد.

ئەمڕۆ لە شاری قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای كوردستان 28 پارت و لایەنی سیاسی كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا لەپێناو دروستكردنی بەرەیەك وەك نەخشە ڕێگایەك بۆ یەك ڕیزی كورد.

دوای ئەوەی لە 4 ی ئەم مانگەدا بەدەستپێشخەری كەنەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان هەوڵی دروستكردنی بەرەیەك درا بۆ زەمینە سازی بەئەنجام گەیاندنی نەخشە ڕێگایە لەپێناو یەك ڕیزی كورد، ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرێتی كاروباری دەرەوەی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە قامیشلۆ 28 پارت و لایەنی سیاسی كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ڕەشنووسی پێكهێنانی ئەو بەرەیە كە لە 25 خاڵ پێكهاتووە.

دلاوەر زەنگی ئەندامی كۆمیتەی دیبلۆماسی كەنەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند:"لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانەكرا، هەندێك گۆڕانكاری لە ڕەشنووسەكەدا كراوە بەڵام تا ئێستا پەسەند نەكراوە".

دلاوەر زەنگی وتیشی:هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی دیكە ئەنجام دەدەین دوای پەسەندكردنی ڕەشنووسەكە لەلایەن پارت و لایەنە سیاسییەكانەوە، لە كۆنگرەیەكدا ناوەڕۆكی ئەو نووسراوە 25 خاڵییە ئاشكرا دەكرێت.

ئەو ئەندامەی كەنەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان ئاشكراشیكرد، قۆناغی دوای پەسەندكردنی ئەو ڕەشنووسە، بریتیە لە هەنگاونان بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد.

سەرجاوە: فورات نیوز

هــ. ب


PM:07:33:11/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت