گەریلاکانی پەکەکە گورزێکی کوشندەیان لە یەكینە شاراوەكانیانی سوپای تورکیا دا


وێستگە نیوز-

گەریلاكانی هەپەگە و یەژا ستار لە دەوروبەری گوندی درشكێی سەربە ناوچەی دهێی شاری سێرت لە یەكینەیەكی سەربازانی توركیایان دا، لەو چالاكییەدا سێ‌ سەرباز كوژران.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە)ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند گەریلاكانی هەپەگە و یەژا ستار(یەكینەكانی ژنی ئازاد)چەند چالاكییەكیان ئەنجام داوە.


دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

لە سێرت سێ‌ سەرباز كوژران

ڕێكەوتی ٣٠ی حوزەیران سوپای توركی داگیركەر لە دەوروبەری گوندی درشكێی ناوچەی دهێی شاری سێرت بە هاوكاری یەكینە شاراوەكان كەمینی داناوە هێزەكانمان ماوەیەك چاودێریی یەكینەكەیان كردووە و ڕۆژی ٣ی تەمووز كاتژمێر ٣:٤٥ لە چێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی شەهید مەدیا ماوا و شەهید ڕزگار گەڤەر لەم یەكینەیان داوە لە ئەنجامدا سێ‌ سەرباز كوژراون و زۆر سەربازی دیكەش بریندار بوون دوای چالاكییەكە سوپای توركی داگیركەر بە كۆپتەر كوژراو و بریندارەكانی لە مەیدانەكە دوورخستووەتەوە، یەكینەكەمان كە ئەم چالاكییەی ئەنجام داوە بەسەلامەتی گەڕاوەتەوە بنكەی خۆی.

لە خواكورك دوو سەرباز كوژران

هێزەكانمان لە چێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی شەهید باگەر و شەهید ڕۆنیادا لە دژی سوپای توركی داگیركەر چالاكییان ئەنجام داوە.

ڕۆژی ٧ی تەمووز كاتژمێر ٢٢:٢٠ هێزەكانمان لە گردی دەروێش-ی هەرێمی خواكورك لە دوو قۆڵەوە لە سەربازانی سوپای توركی داگیركەریان داوە، لەو چالاكییەدا دوو سەرباز كوژراون.

لە ٩ی تەمووز كاتژمێر ١٣:٣٠ هێزەكانی یەژاستار لە دژی سەربازانی توركیا لە گردی شەهید تووفانی هەرێمی ئاڤاشین چالاكییەكیان ئەنجام داوە لە چالاكییەكەدا دوو سەرباز كوژران و ئامێرەكانی وەرگرتنی وزەی خۆر و كامێراكانی چاودێری تێكشكێنراون.

ڕۆژی ١٠ی تەمووز كاتژمێر 07:00 هێزەكانی یەژاستار لە دژی سەربازانی گردی شەهید عەلی شێر-ی ناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ چالاكییەكیان ئەنجام داوە ڕوون نەبووەتەوە لەو چالاكییەدا چەند سەرباز كوژران و بریندار بوون، دوای چالاكییەكە سوپای توركی داگیركەر بە ئۆبوس و هاوەن لە ناوچەكەی داوە بەهۆی بۆردومانەكە ئاگر لە دارستان كەوتووەتەوە.

ئۆپەراسیۆنی سوپای تورك لە گەڤەر بەردەوامە


ڕێكەوتی ١١ی تەمووز-ئەمڕۆ كاتژمێر 02:00 سوپای توركی داگیركەر بە كۆپتەر هێرشی كردووەتە سەر دەڤەرەكانی شەهید دیرەن، شەهید ئافات، ساتێ و گردی چەپەر-ی سەربە گەڤەری جۆلەمێرگ دواتر لەو ناوچەیە دەستی بە ئۆپەراسیۆن كردووە و هێشتا بەردەوامە.

بەهۆی بۆردومانی ئێران هاوڵاتییەكی سیڤیل شەهید بوو

ڕۆژی ١٠ی تەمووز كاتژمێر 12:00 سوپای ئێران بە چەكی قورس ناوچەكانی بەربیزن، گۆشین و ئۆرنێی دەڤەری برادۆستی باشووری كوردستانی تۆپباران كرد لەو هێرشە هاوڵاتییەكی سیڤیل شەهید بووە و دوو كەسیش بریندار بوون هەروەها بەهۆی تۆپبارانەكە ئاگر لە ناوچەكە كەوتووەتەوە.

هــ. ب


PM:06:30:11/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 8328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت